پێشه‌وا هه‌ورامانى: حزبێک سلێمانى خنکاندووە و دەستی خستۆتە قوڕ قوڕاگەی و خەریکە لەناو زبڵ و خاشاکی خۆیدا نوقمی دەکات

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رايده‌يگه‌ينێت: حزبێک سلێمانى خنکاندووە و دەستی خستۆتە قوڕ قوڕاگەی و خەریکە لەناو زبڵ و خاشاکی خۆیدا نوقمی دەکات. ده‌شلێ: زۆرینەی ڕۆشنبیر و قسەکەرەکانی ناوی خەسێنراو، ئەوانەی بۆ مێشوولەکەی پارتی قەڵەمیان تیژە، چاو و گوێیان بۆ گای خەڵکی دیکە داخستووە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە وتارێكدا كە بە ناوی “درێغ بۆ سلێمانی” له‌ په‌يجى فه‌رميى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك بڵاوكردۆته‌وه‌ و راى گه‌ياندووه‌،” ئەو عەلوەیەی کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئاداری 2022 لە سلێمانی کرایەوە، بەپێی نووسراوێکی وەزیری بازرگانی، شوێنەکەی لە ڕووی تەندروستییەوە گونجاو نییە، چونکە نزیکە لە کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، بەڵام ”وابزانم هێزی پشک گەورەترە لە تەندرووستیی خەڵک! ئەگەر مەبەست خزمەتی شارەكەیە، بریا شوێنێکی بۆ دیاریکرابا کە گونجاو و سەلامەت بوایە لە ڕووی تەندروستییەوە“.

گوته‌بێژى فراكسيۆنى پارتى ده‌شلێ:” چەندین وەزیر هەن قسەیان لە سلێمانییەوە دەشکێندرێت و بڕیارەکانییان پێشێل دەکرێت و لەلایەن دەسەڵاتی حزبییەوە بێهێز کراون، بەڵام ناتوانن ئەمە بەدەنگی بەرز بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە و بە بوێرییەوە پەنجە ناخەنە سەر برینەکان و تۆپەکە هەڵ دەدەنەوە باوەشی پارتی و حکوومەت“.

پێشەوا هەورامانی ده‌شلێت: ”سلێمانی ئێستا بەهۆی دزینی داهاتەکەی، بەهۆی دەستبردن بۆ پارەی منداڵانی بێ سەرپەرشت، بەهۆی بردنی پارەی مامۆستا و ئاسایش، بەهۆی تاپۆکردنی زەوییەکانی لەسەر حزب، بەهۆی داواکردنی پشک و پارەی پێشەکی و ڕەشوە بۆ دارایی حزب، بەهۆی فرۆشتنی گرد و باخچە و شاخ و دارودیواری، بەخراپترین ساتی مێژوویی خۆیدا تێدەپەڕێت. حزبێک ئەم شارەی خنکاندووە و دەستی خستۆتە قوڕ قوڕاگەی و خەریکە لەناو زبڵ و خاشاکی خۆیدا نوقمی دەکات، زۆرینەی ڕۆشنبیر و قسەکەرەکانی ناوی خەسێنراون و کەمێک ماون بە جورئەتەوە پەنجە بخەنە سەر ئەم برینانە، ئەوانەی بۆ مێشوولەکەی پارتی قەڵەمیان تیژە، چاو و گوێیان بۆ گای خەڵکی دیکە داخستووە“.

ئةوه‌شى خستۆته‌ڕوو كە:” داهاتی ناوخۆی سنووری سلێمانی ” 150 ملیار دینار بەرەو سەرەوەیە”، مەرزەکانی جمەیان دێت، بەڵام داهاتەکەیان بۆ حزبە و لەناو حزبیشدا بۆ شەخسە، ئەم غەدرە یەکەم کەس لە ئەندام و لایانگرانی حزبی دەسەڵات دەکرێت و برسی دەکرێن، خۆزگە ئەمانەی بە سەرە قەڵەم باسم کردوون، وانەبان، خۆزگە هیچیان ڕاست نەبوونایە ! .

Back to top button