پشكی چوارەمی بەشەخۆراكی مانگانە ئامادەیە و دابەش دەكرێ
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە كۆگاكاندا خۆراك هەیە و پشكی چوارەمیش لە بەشەخۆراكی مانگانە وەك عیراق ئامادەیە بۆ دابەشكردن.
دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان کە، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کەمال موسلیم، ئامادەی بوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە كۆگاكاندا خۆراك هەیە و پشكی چوارەمیش لە بەشەخۆراكی مانگانە وەك عێراق ئامادەیە بۆ دابەشكردن و لیژنەكانیشمان بەردەوامن لە چاودێریكردنی بازاڕەكان”.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی گوتیشی: لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر بڕیاری لابردنی رەسمی گومرگی لەسەر مادە خۆراكییەكان دراوە و رۆژی 17ی6ی2022، وادەكەی كۆتایی دێت و جارێكی تر دیراسەی دەكەینەوە تاچەند كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان كردووە، بەلای ئێمەوە بڕیارەكە كاریگەریی هەبووە و توانیومان باڵانسێك رابگرین هەرچەندە فاكتەرەكان دەرەكین، بەڵام بڕیارەكە كاریگەریی لەسەر نرخ لە بازاڕەكاندا هەبووە”.
كەمال موسلیم، زیاتر گوتی: “داوادەكەین وەك ئەركی نیشتمانی و ئایینی و ئەخلاقی كاسبكاران و بازرگانان پەنا نەبەنە بەر گرانكردن و هەركەسیش پەنای بۆ ببات رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەكرێتەوە”.
وەزیری بازرگانی، لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی گرانی نرخ گوتی: ئەوەی لەدەستی ئێمەدا بێت ئەوەیە چاودێری بازاڕ بكەین و رێگری لە قۆرغكاری بكەین، پێویستە هەموو وەزارەتەكانی حكوومەت هەماهەنگی بكەن تا بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكەین و پشت بە بەرهەمی دەرەكی نەبەستین”.