پرۆسەی لێدانی بیری ئاو لە 8ی حەسارۆك دەستیپێكرد
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەینێت کە پرۆسەی لێدانی بیری ئاو لە 8ی حەسارۆك دەستیپێكردو لە چەند كاتژمێری دهاتوودا جیهاز و ئامێری زیاتر ڕەوانەی هەشتی حەسارۆك دەكرێن، دەشلێ: لە سەرەتای مانگی داهاتوودا خاوەن زەوییەكان دەتوانن دەست بە دروستكردنی خانوو بكەن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند:” پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی2022 پرۆسەی لێدانی بیری ئاوی خواردنەوە لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستیپێكرد و لە چەند كاتژمێری داهاتووشدا ئامێر و جیهازی زیاتر ڕەوانەی 8ی حەسارۆك دەكرێن. هەروەها لە ماوەیەكی كەمیشدا سەرەبلۆكی تەواوی گەڕەكەكە دادەنرێت و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا خاوەن زەوییەكان دەتوانن دەست بە دروستكردنی خانوو بكەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ نوێنەری خاوەن زەوییەكانی گەڕەكی 8ی حەسارۆك كۆبووەوە و دڵنیای كردنەوە لەوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جدیە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 8ی حەسارۆك و كەمێك پێش ئێستا پرۆسەی لێدانی بیری ئاو كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئێستا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە 8ی حەسارۆك سەرقاڵی چاودێریكردنی پرۆسەی لێدانی بیرەكانن و پرۆسەكەش بە باشی بەڕێوە دەچێت، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا جیهاز و ئامێری زیاتر ڕەوانەی هەشتی حەسارۆك دەكرێن.