مووچهی ههزاران مووچهخۆر به یهكجاری بڕدرا
د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، رایگەیاند، لە بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەیی و ئەوانەی مافی مووچەیان نەماوە، مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.
سەبارەت بە وردەكاریی بڕینی مووچەی ئەو كەسانە، ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئاشکرای دەکات دەڵێ: 13 هەزار كەس لە وەزارەتی شەهیدان مووچەیان بڕدراوە، چوار هەزار و 189 كەسیش دوو مووچەییان هەبوو، مووچەیان بڕدراوە، هەروەها دوو هەزار وارسی خانەنشینانیش، كە مافی مووچەوەرگرتنیان نەماوە، مووچەكانیان بڕدراوە.
بەپێی یاسای چاكسازی، چوار هەزار و 189 كەس دەستنیشان كراون، كە دوو مووچەیان هەیە، مووچەیەكیان دەبڕێت، هەر كەسێك لەوانە لە 1ی 7ی 2020 تاوەكوو ئەوكاتەی مووچەكەی راگیراوە، بەپێی یاسای چاكسازی، مووچەكانی لێوەردەگیرێتەوە.
سەبارەت بەو میكانیزمەی، كە مووچەی زیادە وەرگیراوەكانی پێوەردەگیرێتەوە، ئەو بەرپرسەی حكوومەت گوتی: لەبەرئەوەی ئەو كەسانە لە دوو شوێن مووچەیان هەبووە، لە یەكیاندا فەسڵ كراون و مووچەكەی دیكەیان بەردەوامە، بۆیە مانگانە یەك لەسەر پێنجی مووچەكەیان لە مووچەی بەردەوامیان دەگێڕدرێتەوە، تاوەكوو ئەو بڕە مووچەی وەریگرتووە بەتەواوی پاكتاو دەكرێت، بەڵام ئەو 13 هەزار كەسەی وەزارەتی شەهیدان و ئەو دوو هەزار كەسەی وارسی خانەنشینان، مووچەیان بە یەكجاری بڕدراوە.
عەبدولحەكیم خەسرەو ئاماژەی بەوەش دا: دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی بەدواداچوونیان بۆ ئەو بڕیار و فەرمانانە كردووە، كە مووچەی ئەو هەزارانەی كەسی پێ بڕدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی، کۆی گشتیی پارەی دوومووچەیی چوار هەزار و 189 كەسەكە، بریتییە لە یەک ملیار و 253 ملیۆن و 626 هەزار و 591 دینا و پارەكە بۆ گەنجینەی گشتی گەڕێندراوەتەوە.