زاگرۆس فەتاح: کابینەی نۆیەم 930 ملیار دیناری بۆ پرۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری خەرجکردووە

 

زاگرۆس فەتاح: کابینەی نۆیەم 930 ملیار دیناری بۆ پرۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری خەرجکردووە

 

زاگرۆس فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی :

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو نەفەسەوە دەستی بە کارەکانی کرد کە بتوانێت: یەكەم:  ئەرکی حکومەت بەرامبەر بە هاووڵاتیان جێبەجێبکات، دووەمیش:  چاکسازی لە کایە جیاوازەکانی حکومڕانیدا بکات.

 

لە بەشێک لە لێدوانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات ، هەر لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە خەرجییەكانی حكومەتمان كەم كردەوە و ئەو خەرجییانەی پێویست نەبوون، كەممان كردەوە و داهاتەكانی خۆمانمان زیاد كرد، توانیمان بە بەردەوامی مووچە بدەین، بۆ نموونە لە ساڵی  2021ەوە مووچە بە بەردەوامی بە فەرمانبەران دەدرێت و هیچ كێشەیەكمان لەمبارەیەوە نییە.

 

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی کابینەی پێشتر ئامژەی بەوە کرد ، پێش كابینەی نۆیەم، كۆمەڵێك پرۆژەی زۆرمان هەبوو كە پێشتر وەستابوون و خۆشبەختانە توانیمان دەست بە كاركردن لەو پرۆژانە بكەینەوە، چونكە هەروەك زۆرجار سەرۆكی حكومەت باسی دەكات، هەر مووچەخۆران نین كە دانیشتوانی ئەم هەرێمی كوردستانەن، بەڵكوو خەڵكانێكی دیكەش هەن كە مووچەخۆر نین، ئەمانەش پێویست دەكات لە بارودۆخی كوردستان سوودمەند بن، بە تایبەتیش لە ڕێگەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و گەیاندنی پرۆژە كە ئەمە دەرفەتی كار دروست دەكات و خزمەت دەگەیەنێتە هاووڵاتیان .لەم ڕێگەیەوە تا ئێستا ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 930 ملیار دینارمان لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكان و مامناوەند و بچووكەكانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا خەرج كردووە.

 

زاگرۆس فەتاح سەبارت بە دابەشکردنی گرینگترین ئەرکەکای حکومەت گوتی : گرنگترین شت لای ئێمە وەك حكومەت ئەوەیە كە پشتمان بەستووە بە داهاتی نەوتەوە، لە ساڵانی رابردوو 95% سەرجەمی داهاتی هەرێمی كوردستان لە نەوتەوە بوو، ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ كەمتر لە 80% دابەزیوە، ئەمەش لە دەرەنجامی سیاسەتی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و فرەچەشنکردنی ئابووری.

 

گوتیشی : جاران هەرێمی كوردستان وابەستەبوو بە عێراقەوە، پشتمان بە عێراق بەستبوو، بەڵام عێراق لە 2014 كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە تووشی داڕمانێكی ئابووری و دارایی بووین، نەماندەتوانی مووچە بدەین، بەڵام ئێستا بەبێ عێراق دەتوانین مووچە بدەین.

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەت بە سەرپلانەکانی  حکومەتەوە ، زاگرۆس فەتاح ئاماژە بە رۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەکات و دەڵێت :  حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی سەرۆكی حكوومەت درووشمێكی هەڵگرتووە، ئەویش خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی دەرفەتی كاركردن و ژیان و خزمەتگوزارییەكانە، ئەمەش كارێكی دژوارە، چونكە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیش هەندێك كەس و لایەن دژی دەوەستنەوە بەڵام سەرۆکی حکومەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێک زۆر جار ڕاستەوخۆ چاوەدءری هەموو بوارەکانی کردووە .

Back to top button