داوا دەکرێت تورکیا، تەواوی هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە

 

ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ، داوای لە تورکیا کردووە هەموو هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە .

 

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە ، باڵیۆزی تورکیای لە عێراق بۆ وەزارەت بانگهێشکردووە و یاداشتی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی توندی پێشکێشکردووە، وەزارەتی دەرەوە کە رووداوەکەی بە “تاوانێکی قێزەوەن” ناوهێناوە و سوپای تورکیای بە بکەری ناساندووە، داوای لە تورکیا کردووە سەرجەم هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە و داوایەکی فەرمیی لێبووردن بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدەکان و برینداران بکاتەوە

هاوکات ئاماژە بەوە کراوە “وەزارەتی دەرەوە یاداشتێکی ناڕەزایەتیی تووندی حکومەتی عێراقی لەبارەی تاوانە قێزەونەکەی هێزەکانی تورکیا داوەتە باڵیۆز، تاوانەکەش ترۆپکی دەستدرێژییە بەردەوامەکانییەتی لەسەر سەروەرەیی عێراق و شکۆی خاکەکی و شێوازێکی هەراسانکردنی نوێ بوو کە بێدەنگی لێ ناکرێت کە خۆی لە کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی سڤیل لە قوڵایی شارەکانی عێراق دەبینێتەوە.”

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە “عێراق مافی گرتنەبەری هەموو رێوشوێنەکانی هەیە کە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتییان کردووە و دەبنە هۆی پارێزگاری لە سەروەرەیی خاک و سەلامەتیی هاووڵاتییانی لەو دەستدرێژییە تاوانکارییانەی سەرکۆنەکراوە، هەروەها عێراق داوای کشانەوەی هەموو هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق دەکات و داواش لە تورکیا دەکات کێشە نێوخۆییەکانی دوور لە سنوورەکانی عێراق چارەسەربکات بەبێ زیانگەیاندن بە گەلی عێراق.”

 

هەروەها داوای لێدەکات داوایەکی فەرمیی لێبوردن لەو تاوانە بکات و قەرەبووی کەسوکاری شەهیدە بێ گوناهەکان و بریندارەکان بکاتەوە.

 

لە کۆتاییدا وەزارەتی بەرگریی عێراق هێمای بۆ ئەوەکردووە کە بەردەوامە لە کۆکردنەوەی سەرجەم هەوڵەکان و سەرچاوەکانی هێز بۆ وەستان لەبەرامبەر ئەم وەرچەرخانە مەترسیدارە لە زنجیرەی دەستدرێژییەکانی تورکیا.

 

پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 20-7-2022، بەهۆی تۆپبارانکردنی سەیرانگەیەکی گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکاری ئیدارەی زاخۆ، 9 کەس گیانیانلەدەستدا و 26 کەسیش برینداربوون کە هەموویان گەشتیاری پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، رووداوەکە کاردانەوەیەکی زۆری فەرمی و جەماوەریی لێکەوتەوە و سەرکۆنەکرا.

Back to top button