ئازاد جندیانی : عێراق لە قەیران دایەو موزایدە بە قوربانییەکانەوە دەکات

 

لە دوای رووداوەکەی دوێنێی گوندی پەرخ لە زاخۆ ، کاردانەوەی جۆراوجۆر لە ناو هاووڵاتیان و حکومەتی عێراق هاتۆە ئاراوە ، بەڵام بەشێک لە سیاسەتمەاران ڕای جیاوازیان هەیە و پێیان وایە حکومەتی عێراق لەو قەیرانەی تەیدا ناتوانێت دەرباز بێت و ناشتوانێت کاردانەوەی لە بەرامبەر تورکیا دا هەبێت .

لەمبارەوە ، سیاسەتمەدار ” ئازاد جندیانی ” لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : : “پێش هەر شتێک هاوخەمیی خۆمان وەک مرۆڤ بۆ ئەو خەڵکانەی بوونەتە قوربانی دەردەبڕین، ئیدانەی ئەو کارە ناڕەوایە دەکەین

بەڵام  “عێراق هەر دەتوانێت قسە بکات و ناتوانێت هیچی دیکە بکات، لە كاتێكدا یەکێک لەو پرسانەی دەتوانێت بیکات هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێککەوتنەیە کە لەگەڵ تورکیا واژۆی کردووە، بۆ ئەوەی نزیکەی 25 تا 30 کیلۆمەتر لەو ناوچانە بێتە نێو عێراقەوە، ئەوكات لە دژی كورد ئەم كارە كراوە، بۆیە ئێستا عێراق ناتوانێ هیچ بکات”.

جندیانی هاوکات جەختیش دەکاتەوە ، ئەگەر عێراق راست دەکات، “با بێت لە پەرلەمان دابنیشێت و ئەو رێککەوتنە هەڵبوەشێننەوە، بەڵام لە راستیدا ئەمەی دەیڵێن موزایەدەکردنە بە خوێنی ئەو قوربانیانەوە”.

هەر لەو لێدوانەدا ڕوونیشی دەکاتەوە و دەڵێت : “من گوێم لە شەقامی کوردستانیش بووە و دەڵێن، کاتێک تورکیا بۆردومانی ئێمە دەکات، بۆچی عێراق دژی تورکیا نایەتە سەر خەت؟ ئەم پرسیارەش روویەکی راستی تێدایە، بۆیە ئەم پرسیارە لای شەقامی کوردی بەو مانایە نییە کە هاوخەم و هاودەرد نین لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان، بەڵکوو بەو مانایە دێت لەکاتێک دەڵێن هەموومان عێراقین، کەواتە پاراستنی سنووریش لە ئەستۆی ئەوە، سەروەریش بەو مانایەیە بۆ ئەوە و بەراستی بۆ ئێمە نییە، ئەی بۆ عێراق هیچی پێناکرێ و هیچ ناکات؟ عێراق لە هەموو توانایەک خاڵی بووەتەوە کە بتوانێ بەرگری لە خوی و سنووری خۆی بکات”.

ئازاد جندیانی  لو کۆتاییشدا گوتی: “ئەمە هەر قسەیە، مەگەر لە شوێنێک بەرژەوەندییان لەو پرسەدا هەبێت، بۆیە بەڕاستی عێراق وەک دەوڵەت و حکوومەتی بڕیاردەر نەماوەتەوە، ئیتر هەر یەکە و بۆ خۆی بڕیاردەرە، ئەوانەی میلیشیان، بڕیاردەرن، ئەوانەی سەر بە ئێرانن بۆ خۆیان بڕیاردەرێکی دیکەن، لەبەرئەوە موزایەدە دەکەن، بەتایبەت ئێستا وڵاتەكە لە قووڵایی قەیرانێكدایە، هەموو قسە دەكەن بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە، ئەمەش بۆ هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکردنی خەڵکە، ئەگەرنا عێراق ناتوانێ هیچ بێت، بۆ عێراق لە نێو بەغدا دەتوانێ بەرگری لە خۆی بکات؟“.

 

Back to top button