بابەکر زێباری : په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ به‌ڵا بۆ هه‌رێمی كوردستان و بیانوو به‌ توركیا ده‌دات

راوێژكاری سه‌ربازیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، توركیا به‌ئاسانی ده‌توانێ سنووری خۆی كۆنترۆڵ بكات، به‌ڵام خۆی نایه‌وێت و له‌ پاڵ ئێران له‌ بیانوو ده‌گه‌ڕێن، مه‌به‌ستیانه‌ زیان به‌ هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نن.

بابه‌كر زێباری راوێژكاری سه‌ربازی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، توركیا به‌ بیانووی په‌كه‌كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان و بۆردمان ده‌كات، به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه‌ بۆچی توركیا سنووری خۆی داناخات و دێته‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان.

راوێژكاری سه‌ربازی سه‌رۆكی هه‌رێم زیاتر روونی كرده‌وه‌، توركیا له‌ سنووری له‌گه‌ڵ ئێران و سووریا هه‌زار و 700 كیلۆمه‌تر دیواری لێداوه‌ و ته‌نیا 300 كیلۆمه‌تری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ بیكاته‌ دیوار، به‌ڵام نایكات و به‌ مه‌به‌ستیش ئه‌و كاره‌ ناكات.

زێباری زیاتر روونی كرده‌وه‌، نه‌ ئێران و نه‌ توركیا سنووری خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا داناخه‌ن، په‌كه‌كه‌ش بووه‌ته‌ به‌ڵایه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان و بیانوو به‌ توركیا ده‌دات، پێویسته‌ وڵاتان خۆیان سنووری خۆیان دابخه‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش توانایان هه‌یه‌، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق بێ توانایه‌. بۆ نموونه‌ ناتوانن په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال ده‌ربكه‌ن، چ بگات به‌ شوێنی تر و حه‌شدی شه‌عبی رۆڵی خراپ ده‌بینێت.

Back to top button