گوتارێك بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد
بێرنارد هێنری لێڤی
له‌ڕووی مێژوویی و زمانییه‌وه، من سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كی زۆر دێرینم، كه یه‌كێكه له نه‌ته‌وه هه‌ره دێرینه‌كانی دونیا، ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌ی فه‌ره‌نسییه.
له‌ڕووی رۆحیشه‌وه سه‌ر به گه‌لێكی زۆر كۆنم، كه گه‌لی جووله‌كه‌یه. ئه‌ویش هه‌روه‌ك گه‌لی كورد یه‌كێكه له گه‌له زۆر كۆنه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی – كه توانی ده‌وڵه‌تێكی گه‌نج دابمه‌زرێنێت، كه ئیسرائیله، وه‌ك ئێوه‌ی كورد كه نزیكن له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی هێشتا گه‌نجتر.
ئێوه‌ی كورد، گه‌لێكن له‌مێژه هه‌ن!
ئێوه به زۆر ئه‌زمووندا تێپه‌ڕیون، سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی زۆر و داگیركاریی زۆریشتان بینیوه.
ئیمپراتۆرییه‌ته‌كان نه‌مان، سته‌مكاره‌كان له‌نێوچوون، جه‌لاده‌كان خرانه نێو زبڵدانی مێژوو، به‌ڵام ئێوه‌ی كورد توانیتان به خۆڕاگری بمێننه‌وه. ئێوه خۆتان راگرت و له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و هێزانه وه‌ستانه‌وه كه خه‌ونیان به له‌نێوچوونتانه‌وه ده‌بینی. ئه‌وه‌تا ئێوه له سه‌روبه‌ندی وه‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌تانن كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن سه‌رۆكتانه‌وه راگه‌یه‌نراوه، ئه‌ویش بڕیاردانه له چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ كه تێیدا هه‌موو هاووڵاتییان به ئازادی و سه‌ربه‌رزی تێیدا بژین.
نه‌ته‌وه‌ی كورد، ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌یه له‌نێو ئازار و شانازیدا شێوه‌ی گرتووه.
نه‌ته‌وه‌ی كورد له شه‌ڕی دژ به تیرۆریزمی ئیسلامی‌دا زیاتر به‌هێز بووه، ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه هه‌موومان پێكه‌وه كردمان، كه ئێوه بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ سه‌ری رم بوون له‌و شه‌ڕه‌دا.
من پێشمه‌رگه‌یه‌كم نه‌بینی هه‌ڵگری خه‌ونی له‌مێژینه‌ی سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ی كه له دێرزه‌مانه‌وه له‌سه‌ری ده‌ژی: موسڵ ئازاد ده‌كرێت، داعش شکستدێنێت و ده‌زانم كاتێك ئه‌و ریفراندۆمه‌ی كه مه‌سعود بارزانی به مافێكی ره‌وای كوردی داده‌نێت، سازده‌كرێت، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌موویان وه‌ك یه‌ك پێكه‌وه ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ن، ئاواتی هه‌ر یه‌كێكیان ده‌بێته ئاواتی هاوبه‌شی هه‌مووان.
هه‌روه‌ها بۆ منێكی فه‌ره‌نسی، كه سه‌ر به گه‌لێكم توانیویه‌تی به‌سه‌ر خراپترین چه‌وسانه‌وه سه‌ركه‌وێت، هاتنه‌دی به‌ڵێن و ئاواتی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دێرینی كورد، له رێگای به‌ده‌وڵه‌تبوونی، هه‌واڵێكی زۆر جوان و مه‌زنه.
زۆر جار گوێم لێده‌بێت كه ده‌ڵێن دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌وانه‌یه بببێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ ئاشتی و هاوسه‌نگی له ناوچه‌كه‌دا. به‌ڵام من بۆچوونم به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه.
پێموایه كه ئێوه له‌ڕاستیدا ده‌بنه جه‌مسه‌ری سه‌قامگیری و ئاشته‌وایی له‌و ناوچه‌یه، كه رۆژ به رۆژ به‌ره‌و تووندڕۆیی و تیرۆری زیاتر ده‌ڕوات.
با بپرسین، سه‌قامگیری چییه؟
رێزگرتنه له سنووری ئه‌وانی تر؛ حوكمی یاسایه‌كی روونه بۆ هه‌مووان؛ رێزگرتنه له‌وانی تر كه نابێت پشتگوێبخرێن و فڕێبدرێنه سه‌ر رێگا، هه‌روه‌ك ئه‌مڕۆ له سووریا ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه ده‌بینین كه وایكردووه چه‌ندین ملیۆن كه‌س بێ ماڵ و حاڵ و ئاواره‌بن. ئه‌و هه‌موو شتانه‌ن كه سته‌مكارانی وه‌كو سه‌ددام حوسێن و به‌شار ئه‌سه‌د نیانه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه كورد سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌ش هه‌یانه.
ئایا ئێره یه‌كێك نییه له‌و شوێنه ده‌گمه‌نانه‌ی ئه‌م به‌شه‌ی دنیا كه نموونه‌یه‌كی دیموكراسی ببه‌خشت، كه به‌هاكانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی كولتووره جیاجیاكانی تێدا ره‌نگبداته‌وه و یاسا تێیدا قسه‌ی خۆی هه‌بێت؟
له كام به‌شی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست موسڵمانان باوه‌ڕیان به واقعێكی جیۆسیاسی هه‌یه كه تێیدا ئاشتی ده‌بێت به‌سه‌ر شه‌ڕدا و ته‌بایی به‌سه‌ر رق و كینه‌دا و رێزگرتن له‌وانی تر به‌سه‌ر شه‌ڕی نێوان شارستانییه‌تاندا، سه‌ركه‌وێت؟
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌یه كه من ده‌ڵێم له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كوردی نه‌ك هه‌ر نابێته هۆی پشێوی، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆی ئاشتی و ئارامی.
هه‌ر بۆیه من له ناخه‌وه پێموایه كه له‌و ناوچه‌یه‌ی پڕ له گه‌رده‌لوولی وێرانكاری و هه‌ڕه‌شه‌ی خراپترین ئایدۆلۆژیا و تووندوتیژییە، له‌دایكبوونتان وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ هه‌نگاوێكه ده‌بێته هۆی دوورخستنه‌وه‌ی رۆحی ئاژاوه‌یی و تێكشكاندن و وێرانكاریی.
ئێوه، كه یه‌كێكن له كۆنترین گه‌ل، له داهاتوودا ده‌بن به چ نه‌ته‌وه‌یه‌ك؟
له دیدی مێژوو، گه‌لێكی مه‌زنن، له‌ڕووی ژماره‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌كی بچووكن – ته‌نیا چه‌ند ملیۆنێك. به‌ڵام جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مەوە كه ئێوه نه‌ته‌وه‌یه‌كی لاواز نابن.
له مێژوودا چه‌ندین نموونه‌مان هه‌یه، ئه‌وه‌ی كه نووسه‌ری فه‌ره‌نسی میلان كۆندێرا به (نه‌ته‌وه بچووكه‌كان) ناویان ده‌بات، كه‌وا نه‌ته‌وه‌ی به‌هێزن، چونكه گه‌له‌كانیان یه‌كگرتوون له‌به‌رامبه‌ر دراوسێ به‌هێزه‌كانیاندا، چونكه شمشێرە‌كانیان هه‌رگیز له کالان دوور نییه كه كات كاتی به‌رگریكردن ده‌بێت له نیشتمان. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی هاووڵاتین به مه‌زن ده‌بینرێن له دیدی مێژوو و رۆحیه‌ته‌وه، زیاتر له‌وه‌ی به‌هۆی ره‌گه‌زی ئیتنیكیان یا خۆزاڵكردن به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكەدا یان به‌هۆی خۆبه‌گه‌وره‌زانی به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكە و داخران به‌ڕوویاندا.
به‌ڵێ، ئێوه ده‌بن به یه‌كێك له‌م نه‌ته‌وانه
له‌كاتی به‌نه‌ته‌وه‌بوونتان، ئێوه هه‌ر ئه‌و گه‌له خۆبه‌خشه ده‌بن كه ده‌زانن بۆچی شه‌ڕ ده‌كه‌ن. له گه‌وره‌وه تا بچووك و له پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئاساییه‌وه تاوه‌كو گه‌وره‌ترین فه‌رمانده، دوودڵ نین له‌وه‌ی ده‌ست بده‌نه چه‌ك بۆ له‌نێوبردنی سته‌م.
هه‌روه‌ها ئێوه به به‌هاكانی كرانه‌وه و دیموكراسیدا یه‌كگرتوو ده‌بن، كه دیسان ده‌یڵێمه‌وه، زۆر هاوشێوه‌ی تر له‌م به‌شه‌ی دونیا ناناسم. ئه‌مه‌ش مه‌زنی ئێوه ده‌نوێنێ، چونكه به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده، ئێوه شوێنی گردبوونه‌وه‌ی چه‌ندین كۆمه‌ڵگە بوون؛ چونكه ئێوه ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ئازادی بوون كه واتانكرد گه‌لی مه‌سیحی له‌نێونه‌چێ له‌سه‌ر دوایین خاك له جیهان كه هێشتا به زمانی مه‌سیح قسه‌ده‌كرێ؛ چونكه ئێوه به‌رگریتان له بنه‌مای یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو كرد و ته‌نانه‌ت له سه‌خترین شه‌ڕ و جه‌نگدا، ئه‌م یه‌كسانییه‌تان نیشاندا كه شارستانییه‌ت پێی مه‌زن ده‌بێت. به‌ڵێ، ئێوه ده‌بنه ئه‌ونه‌ته‌وه به‌هێز و پته‌وه.
ئێوه ده‌بنه نه‌ته‌وه‌ی په‌ناگه بۆ خه‌ڵكی خۆتان كه سته‌می مێژوو په‌رتووبڵاو‌ی كردوون.
بێگومان ده‌زانم گه‌لی كورد دابه‌شبووه. ئه‌وه‌ش باش ده‌زانم كه ئه‌م دابه‌شبوونه ته‌نها كرداری ئه‌و دوژمنانه نییه كه به‌پیسی كار له‌سه‌ر پارچه‌بوونتان ده‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌هۆی بوونی ناكۆكی جددی و ململانێی راسته‌قینه و قووڵ و پێناسه‌ی جیاواز بۆ كوردبوونیشه.
پێموایه هه‌رگیز له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لاندا نییه له بیر و به‌هاكان و شێوه‌ڕوانینیان بۆ دونیا بێده‌نگبن، كه كاتێ دژیه‌ك ده‌بن، به‌شداری له دیبه‌یتی ئازاد بكه‌ن و واده‌كه‌ن كه ده‌توانن ببن به برا و دژی یه‌كیش بن.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ناكۆكییانه‌ی مێژوو دروستیكردوون، ئێوه ده‌بنه ئه‌و په‌ناگه‌یه، ئه‌و ماڵه هاوبه‌شه بۆ خێزانی گه‌وره‌ی كوردی ئاواره و په‌ڕاگه‌نده‌بوو.
ئێوه ده‌بنه نه‌ك هه‌ر په‌ناگه، به‌ڵكو به نموونه و مۆدێلێك و سه‌رچاوه‌ی ئومێد بۆ گه‌لی كوردی بڵاوه‌پێكراو.
ئێوه ده‌بنه یه‌كێك له نه‌ته‌وه مەزنەکانی ئه‌مڕۆی دنیا. وه‌ك ئەستێرەیەکی دره‌وشاوه دەبن له‌سه‌ر گردێك، كه ده‌بێته رێنوما بۆ هه‌موو رۆڵەکانی كوردستانی.
ئێوه ده‌بنه نه‌ته‌وه‌یه‌كی زۆر ده‌گمه‌ن
ئێوه رۆڵێكی مێژوویی كاریگه‌رتان ده‌بێت له مێژووی سه‌دان ساڵه‌ی گه‌له‌كه‌تاندا.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه باسمكردن، پێویسته نەترسن له‌وه‌ی ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و رۆڵێكی جیهانیتان هه‌بێت، به‌دیاریكراوی ده‌مه‌وێ بڵێم كه پێویسته نێونه‌ته‌وه‌یی بن.
دڵنیام له‌به‌ر هۆكارێكی تریش ئێوه ده‌بن به‌و نه‌ته‌وه كاریگه‌ره. شتێك هه‌یه كه له‌وه‌ته‌ی هاتووچۆی كوردستان‌م كردووه، زۆر پێی سه‌رسامم، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه جگه له زمانی دایكتان كه زمانی كوردییه، یه‌كێكه له زمانه كۆنه‌كان، چه‌ندین زمانی دیكه‌ش ده‌زانن کە له هه‌نده‌ران فێری بوون، گرنگیی ئەمەش لەهی زمانەکەی خۆتان کەمتر نییە.
ئێوه نه‌ته‌وەیه‌كی هه‌مه‌ڕه‌نگن، له بنچینه‌ی جودا جودان و كۆسمۆپۆلیتن، وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی فه‌ره‌نسی كه به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده خەڵکانی ستەملێکراو و کۆچبەری بۆ هاتوون و دەوڵەمەندیان كردووه.
پێویست بە باسکردنیش ناکات کە ئێوه چۆن بوونه‌ته په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ كریستیان و ئێزیدییه سته‌ملێكراوه‌كان كه به‌دوای شوێنێكی ئارام‌دا ده‌گه‌ڕان و په‌نایان بۆ ئێوه هێناوه، چونكه هه‌موومان ئه‌وه به چاوی خۆمان ده‌بین، كه ئێوه چه‌نده به به‌خشنده‌یی پێشوازیتان له‌وان كردووه و ده‌یانحه‌وێننه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه من ده‌توانم بڵێم ئێوه نه‌ته‌وه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌ییخوازن، كه وشه‌یه‌كی زۆر جوانه.
دوو سه‌ده‌یه نێونه‌ته‌وه‌ییخوازی بووەته رۆحی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه له‌پێناو ئازادی‌دا ده‌كرێن. ئه‌مه بووەته هۆی به‌رهه‌مهێنانی ئازایه‌تی و خۆڕاگری و قوربانیدان و ده‌نگ و نووسین و ئه‌ده‌بیاتی جوان.
سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی، ئه‌مه باشترینه كه ئه‌وروپا و وڵاتی منیش له ئه‌وروپا، توانیویانه به‌ده‌ستی بێنن.
بێگومان ئه‌مه مێژووی ئێوه‌شه
ئه‌م به‌هایانه وایانكردووه كه كوردستان ببێته یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی دنیا كه تا ئه‌مڕۆش بڵێسه‌ی نێونه‌ته‌وه‌خوازیی تێیدا ببریسكێته‌وه و شه‌وق بداته‌وه.
له‌م ساته‌دا، بیر له‌و شه‌ڕه‌تان بكه‌نه‌وه دژ به داعش.
ئێوه جگه له پاراستنی خۆتان له‌و شه‌ڕه‌دا، شه‌ڕتان بۆ پاراستنی هه‌موو دنیا كرد.
ئێوه ده‌ست له‌نێو ده‌ست و هاوشانی هاوپه‌یمانه‌كانتان، به‌رگریتان له كوردستان و هه‌موو مرۆڤایه‌تی و شارستانییه‌ت كرد.
ئێوه نه‌ك ته‌نیا به‌كرده‌وه سه‌لماندتان كه نێونه‌ته‌وه‌ییخوازن، به‌ڵكو له رۆح و دڵیشتاندا وه‌هان. ئه‌م فیلمه‌ی ئه‌مڕۆ پێشكه‌شتانی ده‌كه‌م له‌سه‌ر شه‌ڕی موسڵ، ئه‌مه نیشانده‌دات. خۆتانی تێدا ده‌بیننه‌وه و له‌وانه‌یه خۆتانیشی لێ بناسنه‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا هه‌موو مرۆڤایه‌تیشی لێ ده‌دۆزرێته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌چاوی من و هاوكاره‌كانم فرۆنسوا، ژیل، كامیی، ئۆلیڤێ و ئاڵا كه وێنه‌ی فیلمه‌كه‌یان گرتووه، گه‌وره‌یی ئێوه ده‌نوێنێ.
وشه‌ی كۆتاییم ئه‌مه ده‌بێت،
به‌مزووانه ئێوه به‌ته‌واوی ئازاد ده‌بن.
به‌مزووانه، هیوادارم كه له ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا، ئه‌و ریفراندۆمه‌ی بۆ مافت چاره‌نووس بكرێت كه سه‌رۆ‌كتان رایگه‌یاندووه و ئێوه‌ش سه‌ربه‌خۆبن.
له حاڵه‌تی سه‌ربه‌خۆییشتاندا، ئێوه به چه‌ند دراوسێیه‌كی به‌هێز ده‌ورەدراون، كه ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه و ئازادییه‌ی سه‌رهه‌ڵده‌دات له‌لای ئێوه، بۆ ئه‌وان نموونه‌یه‌كی باش نییه.
له‌م ناوچه‌یه‌دا چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌كی درۆیینه هه‌ن، چه‌ندین لایه‌ن هەن كه دژه‌نه‌ته‌وه‌ن، چەندین وڵاتی زیندان هەن کە برا و ئامۆزاکانتانی تێدا بەندن. ئێوه ده‌بنه هۆی شه‌رمه‌زاری بۆ ئەو رژێمانە.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كه ئه‌و شه‌رمازارییه دروستیده‌كات و ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌ی كه له داهاتوودا چاوه‌ڕوانتان ده‌كات و سه‌ربه‌خۆییتان نه‌توانێ رووبه‌ڕوویان ببێته‌وه، ره‌نگه ئه‌مه ببێته هۆی ته‌نیاییتان له‌وكاته‌دا، وه‌ك ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌ختانه‌ی كه له مێژوودا ته‌نیا بوون. هه‌روه‌ك جه‌نه‌ڕاڵ شارل دو گۆل، رزگاركه‌ری فه‌ره‌نسا له‌ده‌ست نازییه‌كان ده‌یگوت: گه‌ل دۆستی نییه.
به‌داخه‌وه، له داهاتوودا رەنگە ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دۆستتانن، هه‌میشه دۆستتان نه‌مێنن! چونكه ره‌نگه ئه‌وه‌ی به‌ناو سیستمی جیهانییه لای ئه‌وان گرنگتر بێت له عه‌داله‌ت و دۆستایه‌تی و هه‌تا له دۆزی سه‌قامگیری و ئاشته‌واییش.
ده‌زانم كه ئێوه‌ش ئه‌وه ده‌زانن و خۆشتان بۆ ئه‌مه ئاماده‌ده‌كه‌ن.
رێگه‌م پێبده‌ن كه دوایین قسه‌ی خۆمتان بۆ بکەم.
ئه‌وانه‌ی ئه‌م فیلمه‌یان دروستكردووه كه ئێستا ده‌یبینن، دۆستی ئێوه‌ن. ئه‌وانه به‌شێكن له‌و ملیۆنان ژن و پیاوا‌نه‌ی كه له فه‌ره‌نسا و له هه‌موو جیهاندا باوه‌ڕیان به كوردستان هه‌بووه، له‌كاتێكدا كه زلهێزه‌كان نه‌یانده‌ویست!
ئه‌م جۆرە دۆستایه‌تییه، ئەم پشتگیرییەی هاووڵاتییانی جیهان، كه ئێمه نوێنه‌ری ئه‌وانین، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌پشتتانن و هەرگیز پشتتان لێناکەن. ئه‌مڕۆ هاتووین بۆ ئێره شاهێدی ئه‌م راستیه‌تان بۆ بده‌ین.
بژی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
بژی گه‌لی كورد و خه‌ونه‌كانی
ئه‌م شه‌ڕه خه‌ریكه كۆتایی دێت. به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین و پێكه‌وه، چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی جوان و پڕ له هیوا ده‌نووسینه‌وه.
• دەقی ئەم وتارە رۆژی 7 ی مارس لەلایەن بێرنارد هێنری لێڤییەوە لەکاتی نمایش‌کردنی فیلمە نوێیەکەی بەناوی شەڕی مووسڵ، لە سینەمای شاری هەولێر پێشکەشکرا.