لە سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆی تەقەی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەنجێكی بێتاوانی تەمەن 22 ساڵ كوژرا
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بە مەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك لە كۆڵانەكانی گەراجی ئەسحابە سپی لە سەنتەری شاری سلێمانی تەقە دەكەن لە ئەنجامدا ، گەنجێك بە ناوی (ئەحمەد شەوكەت) كە دەگوترێ كوڕی شەوكەت محەمەدی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكە لە سلێمانی، بریندار بووە و دوای چەند سەعاتێك، گیانی لەدەست داوە.
لە بارەی كوژرانی گەنجەكە عادل نووری، خاڵی گەنجە کوژراوەکە راگەیاند: ”کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان خوشکەزاکەت لەلایەن ئاسایشەوە بریندار کراوە و لە نەخۆشخانەیە، کە رۆیشتم، بینیم هێزێکی زۆری ئاسایش ئەو ناوەی تەنیوە.“
خالی گەنجە كوژراوەكە گوتیشی بە پێی قسەی شایەتحاڵی رووداوەكە (ئەحمەد) هاواری كردووە و بێتاوانە بەڵام تەقە بەردەوام بووە تا بریندار بووە و دواتر گیانی لەدەست داوە.“ هەروەها داوای ڕوونكردنەوەی لە ئاسایشی سلێمانی كرد و گوتی: ”دەبێ ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەمان لەسەر بابەتەکە پێ بدات، تا بزانین بۆ و لەسەر چی تەقەی لێ کراوە و کوژراوە؟ چونکە کەسێکیش تاوانبار بێ کە چەکی پێ نەبێ، چۆن دەبێ بکوژرێ؟ یانی لە ناوجەرگەی سلێمانیدا کێ ئەتوانێت بەبێ چەك بێت و هەڵبێت؟“
خاڵی ئەو گەنجە ئەوەشی خستە روو کە گەنجەکە ناوی ئەحمەد شەوکەتە و تەمەنی 22 ساڵە و قوتابیی دوا قۆناغی بەشی شیکاریی نەخۆشییەکانە لە زانکۆی سلێمانی. وەك خاڵی دەڵێ: ”كوڕیكی بێتاوانە و هیچ کێشە و گرفتێکی نەبووە.“