وەزارەتی پەروەردە : ئەمساڵ دەرفەتی کار بۆ 25 هەزار مامۆستای دیکەی وانەبێژ هەیە

 

وەزارەتی پەروەردە رێنمایی نوێ‌ بۆ مامۆستایانی وانەبێژ دەردەكات، ئەمساڵ دەرفەتی كار بۆ 25 هەزار مامۆستای دیكەی وانەبێژ هەیە.

 

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە 11ی8ی 2022 بە واژۆی وەزیری پەروەردەی لەسەرە، تیایدا ئەوە بۆ پەروەردەكان روونكراوەتەوە، كە میكانیزمی دانانەوەی وانەبێژان و دانانی وانەبێژی تازە دەبێت لەسەر بنەمای رەچاوكردنی چەند خاڵ و رێكارێك بێت.

 

لە نوسراوەكەدا هاتووە، ئەو وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان دبلۆمن، لە كۆلیژ و بەشە جیاوازەكان، وەكوو خۆیان دادەنرێنەوە.

 

هاوکات ئاماژە بە وەشكراوە، دوای دانانەوەی ئەو وانەبێژانە، ئەوكات ئەگەر بۆشایی هەبوو و پێویستی بە وانەبێژی زیاتر هەبوو، ئەوكاتە دەبێت پەروەردەكان فۆڕمی وانەبێژی دابەش بكەن.

 

بەپێی نووسراوەكە، ئەو وانبێژانەی چەند ساڵە خزمەت دەكەن و دەرچووی ژمێریاری و كارگێڕیین، دەبێت دابنرێنەوە، بەڵام نابێت ئەو دوو ناونیشانە لە دابەشكردنی فۆڕمی تازەدا هەبێت. هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمی ئینگلیزی، ئەگەر دەرچووی پەیمانگاكانی خوێندنی باڵاش بن، دەبێت دابندرێنەوە.

 

هاوكات كارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە لێدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک گوتی :دوای دەركردنی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەردە لە 6ی8، بەشكێی زۆری وانەبێژان بێبەش دەبوون لە وانەبێژی، بەھۆی نەگونجاندنی پسپۆڕییان، بەڵام دكتۆر ئالان، وەزیری پەروەردە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی وانەبێژان، دەرفەتی زیاتری ڕەخساند بۆ ئەوانەی ساڵی خزمەتی وانەبێژییان زۆرە، كە دابندرێنەوە، دبلۆمیان هەبێ یاخود بەكالۆریۆس”.

 

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت، “بەهۆی ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی وەزارەتی پەروەردە دەری كردوون، نزیكەی 25 هەزار وانەبێژی دیكە لە ناوەندەكانی خوێندن وەردەگیرێن، ئەو پەروەردانەی پێوستیان بە وانەبێژە، دوای دابەشكردنی فۆڕم، وانەبێژی تازە دادەنێن”.

 

بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەكرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەكالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەكرێت.

 

Back to top button