کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا لە ھەولێر ده‌ستنیشان كرا

کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر رای گەیاند:” ئێرڤن هیکس جونیەر، به‌ كونسوڵی نوێی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ده‌ستنیشان كرا و بڕیاره‌ له‌م مانگه‌دا له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كار بێت.

 

پێشتر هێكس، دوای ته‌واوكردنی ڕاژه‌كه‌ی وه‌كوو ڕاوێژکاری باڵا لە نووسینگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە کاروباری ماددەی هۆشبەر و چەسپاندنی یاسا، دانوستانکاری سەرەکی لە نووسینگەی کاروباری سیاسی و سەربازی لە ئۆفیسی ئاساییش و ڕێکكەوتن و، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بۆ هێزی ‌هاوبەشیی سەربازی لە ناوچەی قۆچی ئەفریقا، وه‌كوو سه‌ركونسوڵی نوێی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر دیاری ده‌كرێ.

پێشتریش، جێگری باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە لە (نوکاشۆت)ی پایتەختی مۆریتانیا و لە واشنتۆنی پایتەختی ئه‌و وڵاته‌ش لە ئۆفیسی سیاسەتی بەڕێوەبردن کاری کردووە و ڕاوێژکاری باڵا بووە بۆ کاروباری ڕێکخستنەوەی هەیکەلی ئیداری و نوێکاری و بەڕێوەبردن.

ناوبراو پێش ئەوەی پەیوەندی بکات بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ژمارەیەک ئاژانسی ناحکوومی کاریکردووە لەوانە: پەیمانگای ئەمریکی ئەفریقی، کارسازانی نێودەوڵەتی و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی تایبەت بە سەرکردایەتیکردن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باشوری ئەفریقا. هەرەوەها وەک بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای جێنەڕەڵ مۆتۆرز لە بەشی کاروباری کۆمپانیاکە لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریکردووە. کارەکانی تری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم وڵاتانەی لە خۆگرتووە: گینی، نایجیریا، بەڕازیل، گابۆن، سیێرە لیۆن، مۆریس و بەروندی.

هیکس بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بەدەستهێناوە کە تیایدا لە کاروباری نێودەوڵەتی و دیراساتی ئەفریقی پسپۆڕیی وردی وەرگرتووە و ماستەری هەیە لە یاسا و دیپلۆماسی لە سکوڵی فلێچەر بۆ یاسا و دیپلۆماسی لە زانکۆی تەفتس و هەروەها ماستەری هەیە لە دیراساتی ئاساییشی نەتەوەیی لە کۆلێجی سەربازیی دەریایی لە نیوپۆڕت لە ویلایەتی ڕەود ئایلەند،  زمانی فەڕەنسی زۆر بە باشی دەزانێت و هەروەها پرتوگالی و ئەڵمانی و عەرەبی و چینی و ئەمهاریکی خوێندووە و چه‌ندان خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌.

Back to top button