نۆ مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە زێلکان کرا

بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئابی 2022، کاتژمێر 1:50ی پاش نیوه‌ڕۆ، نۆ مووشەک ئاراستەی سەربازگەی زێلکان لە ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا کە تێیدا هێزەکانی سوپای تورکیا لەخۆ دەگرێت کران.

بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە جۆری گرادن و لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە نێوان گوندی فازڵییە و کانوونە لە سنووری ناحیەی باشیک لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری کیا ئاراستە کراون، بەهۆی کاریگەریی مووشەکەکانەوە ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە.

Back to top button