ناسیح غەفوور: شۆڕشی ئەیلوول نیمچەحکومەتێکی ئەوکات بوو
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێ کرد و بەشداربوویەکی شۆڕشیش دەڵێ، ئەیلوول گەورەترین شۆڕش بووە و نیچمەحکومەتێکی ئەوکاتە بوو لە ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری کوردستان.
ناسیح غەفوور مامۆستای شۆڕشی ئەیلوول، لە لێدوانێکدا بۆ دەزگای میدیایی خواکوڕک گوتی : دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە دەرەنجامی ئەو ھەموو زۆڵم و ستەمەی سەر گەلی کورد و ھەموو گەلانی کوردستان بوو، چونکە ڕاستە عەبدولکەریم قاسم بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقدا ددانی بەوەدا نا کە کورد و عەرەب دوو پێکھاتەی سەرەکیی عێراقن و کار بۆ مافەکانی کورد دەکەن، بەڵام دواتر پابەندی بەڵێنی خۆیان نەبوون و شۆڕش دەستی پێ کرد، لە مێژوودا بۆ جاری یەکەم شۆڕشێک بەرپا کرا کە سەرتاسەری بێت و جگە لە باشووری کوردستان، کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و کەسایەتیی عەرەب و تورکومان و کریستیانیش بەشداریی شۆڕشیان کرد.”
لە بەشیکی دیکەی لێدوانەکەیدا لە سەرشۆڕشی ئەیلوول دەشڵێ: “لە ماوەی چواردە ساڵی شۆڕش پێشمەرگە توانیی زۆربەی خاکی کوردستان ئازاد بکات و ئیدارەی ناوچە ئازادکراوەکانیش بدات، شۆڕش نیمچەحکوومەتێکیش بوو، چونکە لە بواری پەروەردە و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دادگاشدا ناوچە ئازادکراوەکانی بەڕێوە دەبرد”.
ناسیح غەفوور ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی پارتی و ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بەرەنگاری گەورەترین رژێم بوونەوە و چەندین داستانی نەبەردییان تۆمار کرد، ھاوکات شۆڕش دەستکەوتی زۆریشی ھەبوو، لەوانەش ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کە دوژمن ناچار بوو بێتە ژێر باری شۆڕش و ددان بە بەشێکی مافەکانی گەلی کورددا بنێت، درۆشمی شۆڕش کوردستان یان نەمان بوو، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق ئارمانجی ئەوکاتی شۆڕش بوو”.
غەفوور لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە: “ھەنگاوەکانی شۆڕش ئێستاش کاری لەسەر دەکرێت، بۆ نموونە لە شۆڕشی ئەیلوولدا بە فەرمانی بارزانیی نەمر دەست بە نووسینەوەی دەستووری کوردستان کرا، چەندین ھەنگاوی دیکەش نران، بەداخەوە بەھۆی پیلانگێڕی دژی شۆڕش سەریان نەگرت و ئێستا وا کار بۆ نووسینەوەی دەستوور دەکرێت”.