حکومەت هاتووچۆی خۆڕایی بۆ 243 قوتابی کەمئەندام لە دهۆک دابین دەکات

بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابییانی کەمئەندام، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پاسی هاتووچۆکردن و گواستنەوەی خۆرایی بۆ 243 قوتابی کەمئەندام لە سەنتەر و دەوروبەری پارێزگای دهۆک، دابین کردووە.

 

‎ساڵح محەممەد، بەرپرسی هۆبەی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: ڕۆژانە لەڕێگەی 28 پاسەوە، هاتووچۆ بە 243 قوتابی کەمئەندام دەکرێت، کە نیشتەجێی سەنتەری و دەوروبەری پارێزگای دهۆکن.

 

‎سەرەڕای دابینکردنی پاسی گواستنەوە بۆ هاتووچۆکردنی قوتابییان، حکوومەت مانگانە خەرجیی گیرفانیش بۆ ئەو قوتابییانە خەرج دەکات و یارمەتیی داراییان دەدات، بۆ ئەوەی بارگرانیی لەسەر خێزانەکانیان دروست نەکەن.

 

‎بەرپرسی هۆبەی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک، ئەوەشی گوت: قوتابییەکان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 9ـی بنەڕەتین کە لە پەیمانگە و سەنتەرەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەخوێنن، ئەوانیش پێکدێن لە: پەیمانگەی ڕووناکی نابینایان، پەیمانگەی ئاواتی بیرکۆڵان، پەیمانگەی هیوای نابیستان، پەیمانگەی هانای پیشەیی، سەنتەری دەنگ و سەنتەری ئۆتیزم.

 

‎ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی رەخساندنی دەرفەتی خوێندن دەیەوێت خزمەتی زیاتری کەمئەندامان بکات و لەمڕووەشەوە؛ چەندین پەیمانگە و سەنتەری تایبەتی بۆیان دابین کردووە.

Back to top button