سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی (تشرینی یەکەم)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گریگۆری گالیگان باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا ، بيروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا ، کە لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی حکومەت بە هاوکاری هەموو لایەنەکان، خزمەتی گشت پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازی، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و پابەندبوون بە پرنسیپەکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە و هاوسەنگی و سازان ، چارەسەر بکات.
باڵیۆزی کەنەدا، ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانیی ئەلیکترۆنی. ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست لەم بوارەدا.
گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتیی و بنبڕکرنی ھەموو کارێکی تیرۆریستی و ھەروەھا کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر ژیانی خەڵک ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.