مەسرور بارزانی، پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی گشتی عێراق پاش دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوان بن بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەتی نوێ، بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور چارەسەر بکات.

 

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم ، بەتایبەتی پرۆسەی بنیاتنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

Back to top button