یەکشەممەی داھاتوو بەردی بناغەی٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون داده‌نرێت

مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری چڕی پرۆژەکان دەکات

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتی، ھەفتەی داھاتوو بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دادەنرێت و ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە ئەمساڵ لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێت.

 

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر محەمەد شوکری، لەمبارەوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: “دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەفەرمیی وادەی دەستپێکردنی دیاریکرا بەبڕیاری سەرۆکی حکومەت و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی یەکشەممە بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژە دابنرێت لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ”.

 

دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: “وەکو سەرەتا لەزاخۆ دەستپێدەکەین کە ھەموو ئامادەکاریان بۆ کردووە و زەوی تەرخان کراوە و ئەوان پێش ھەموو ناوچەکانی دیکە خۆیان ئامادەکردووە، بۆیە لەزاخۆ دەستپێدەکەن و داوامان لەھەموو ناوچەکانی دیکەش کردووە پەلە بکەن بۆ ئەوەی لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بکەین”.

 

شوکری باسی لەوەشکرد: “لە ھەولێر خەریکە زەوی ئامادەبێت و رێکارەکان تەواوبن، لە سۆران و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش خەریکی دابینکردنی زەویین، بۆیە ھەوڵەکانمان چرکردۆتەوە ئەمساڵ بەردی بناغەی پڕۆژەکان لە ھەموو ناوچەکان دابنرێت”.

Back to top button