مهسرور بارزانی: سهرهڕای قهیرانهكان توانیمان 2 ملیار دۆلار قهرزی پێشوو بدهینهوه
ههموو مانگێک مووچه دراوه و پشتیوانی لایهنه سیاسییهكان نابینم
مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان له دیداری میری بهشداری له پانێڵێك كرد و رای گهیاند، لهم حكوومهتهدا ههموو مانگێك مووچه دراوه بهبێ ئهوهی یهك دینار قهرز بكهین، بهڵكو قهرزیشمان داوهتهوه كه ئهوه دهستكهوتێكی گهورهیه.
دەقی گوتەکانی سەرۆکی حکوومەت:
یەكەم نەسیحەتت بۆ محەمەد شیاع سوودانی چیە؟ پێش هەموو شت هیوادارم سەركەوتوو بێت لەو ئەركەی پێی سپێردراوە، قسەشم لەگەڵی كردووە و پیرۆزباییم لێی كردووە. دەزانم ئەركێكی قورسە چونكە عێراق بە دۆخێكی قورسدا تێپەڕێت، هەندێكی لەوانەیە كاریگەریی دەرەوە بێت لەسەر عێراق و هەندێكیشی لەوانەیە بەهۆی ئەو كارانە بێت كە لە حكوومەتەكانی پێشووتر ڕوویان داوە، راستكردنەوەی ئەو هەڵانە كارێكی ئاسان نییە.
من ناتوانم بڵێم وەكوو ئامۆژگاری، بەڵام وەكوو دەربڕینی رەئی، پێموایە ئێستا خەڵكی عێراق لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزارییە، خەڵك پێویستی بە ئاوی خواردنەوە، كارەبا، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، ئاسایش، ژیانێكی بەختەوەرە، بۆیە هەر سەرۆك وەزیرانێك بیەوێ سەركەوتوو بێت، دەبێ پێش هەموو شتێك هەوڵی زیادكردنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك. ئەگەر بەڕێز سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق زیاتر هەوڵبدات بۆ خزمەتكردنی خەڵكی، بنبڕكردنی گەندەڵی، خێراتركردنی ئیشوكارەكان تا بەپەلە بكرێن لە وەزارەتەكانەوە، ئەمە زۆر یارمەتیدەری دەبێت چونكە عێراق لە ئاستێكدا وەستاوە هەر پێشكەوتنێك زۆر دێتە بەرچاو، ئەمە پێشكەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ سەرۆك وەزیران و ئەم حكوومەتەی ئێستا پێكهاتووە. هیوادارم لایەنەكانیش پشتیوانی بن، چونكە بەداخەوە زۆرجار دەبینین كە لایەنە سیاسییەكان لە جیاتی ئەوەی یارمەتیدەری حكوومەتەكە بن یان سەرۆك وەزیران بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەجێندایەی كە پێشكەشی دەكات، هەندێكجار وادەكەن حكوومەت خەریكی ململانێی سیاسی بێت، ئەمەش وادەكات ئەركی خۆی لەبیر بچێت یان رێگەی لێ دەگیرێت. هیوادارم لایەنەكانیش پشتیوانی بن بۆ ئەوەی بتوانێت سەركەوتوو بێت.
ئەگەر بتەوێ یارمەتیی حكوومەتی عێراق بدەیت، چۆن یارمەتی دەدەیت؟ مەسرور بارزانی: ئێمە ئەزموونێكمان هەیە، ئەم سێ ساڵەی رابردوو بۆ ئێمە سێ ساڵی ئاسان نەبووە، ئەجێندایەكمان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرد كە ئەجێندایەكی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەتی هەرێم بوو، هەوڵمانداوە ئەو ئەجێندایە جێبەجێ بكەین، زۆریشی جێبەجێ كراوە، دەتوانم بڵێم ئەم كابینەیە زۆر لە چوارچێوەی ئەجێنداكانی خۆیدا كاری كردووە و زۆریشی جێبەجێ كردووە، ئێمە دەتوانین ئەو هەنگاوانەی كە تێیدا سەركەوتوو بووین یان ئەو ئەزموونەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا دەستمان كەوتووە، ئەو دەستكەوتانەی كە هەشبوون و لە زۆر شوێنی تریشدا گوتوومانە، دەتوانین ئەم ئەزموونانە باس بكەین و لە خزمەتی هەموو عێراقدا بەكار بێنین. چەند نموونەیەكت بۆ باس بكەم، ئێمە دەستمان كرد بە ریفۆرم یاخود چاكسازییەكان، هەرچەندە لە هەندێك حاڵەتدا دەبێ بڵێم كە چاكسازی نەبووە، دروستكردن بووە، چونكە زۆر لەو ژێرخانەی كە پێویست بووە لە ڕووی ئیدارەدان یان لە ڕووی ئابوورییەوە لەبەر زۆر هۆكار كە پێشتر كوردستان تووشی هاتووە، بوونی نەبووە، بۆیە هاتووین زۆربەی ئەو شتانەمان دروست كردووە كە زۆریشی ماوەی دەوێ تاكوو ئەنجامەكانی بێنە دەست و بەدیار بكەون، یەكێك لەو بابەتانەی كە زۆر كاری باشمان تێدا كردووە، بابەتی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانە، بە ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكانە كە دەتوانم بڵێم لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ كوردستان ئیتر هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی بە شێوەی دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی دەكرێن و هیچ كاغەزی تێدا بەكار نایەت. ئێمە لەمەدا لەپێشین، دەتوانین ئەم ئەزموونە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكوومەتی فیدرالی باس بكەین كە چۆن ئەوانیش دەتوانن ئەمە بكەن. لە ڕووی فرەچەشنكردن یان هەمەجۆركردنی ئابوورییەوە، ئێمە لە كوردستان پێموایە ئەم سێ ساڵە ئەزموونێكی سەركەوتوومان هەیە كە تەنیا بیرمان لەوە نەكردۆتەوە كە كەرتی وزە یان نەفت و غاز پەرە پێ بدەین، بەڵكوو هاتین و گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتی كشتوكاڵ دا، بە گەشتوگوزاری دا، بە پیشەسازی دا، هەرچەندە بەداخەوە زۆریش چانسمان نەبوو، چونكە هەر لە سەرەتاوە پەتای كۆرۆنا ڕووی تێكردین و جووڵەی گەشتوگوزاری و هەتا بازرگانیش زۆر زەرەری پێ گەیاندین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە نەوەستاین، توانیمان هەنگاوی باش بهاوێژین، توانیمان لە رووی كشتوكاڵییەوە دەستكەوتی باش بهاوێژین، لە مانگی داهاتوو یەكەم هەناردەكردنی گەورەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ دەكات. دواتر دەتوانین باسی وردەكارییەكەشی بكەین، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمە دەستكەوت و هەنگاوێكی زۆر زۆر باشە كە ئێستا دەستكەوتووە و دەكرێ.
تەبعەن لە زۆر رووی ترەوە ئێمە شتی باشمان كردووە.
ئەگەر محەمەد شیاع سودانی بیەوێ كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام پێویستی بە هاوكاریی ئێوە بێت، ئێوە چۆن هاوكاری دەكەن؟ مەسرور بارزانی: كە باسی كێشەی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان دەكەین، بێگومان هەردوولا پێویستە هاوكاری یەكتر بن، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆمان نیشان داوە و لە هەموو ڕووێكەوە ئامادەین بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشانەی تاكوو ئێستا لە نێوان هەردوولامان ماونەتەوە و چارەسەر نەبوون، یەكێك لەوانە وەكوو جەنابیشت باست كرد، بابەتی كێشەی نەوت و غاز، تاكوو ئێستا عێراق یاسای نەوت و غازی نییە. دوای پەسەندكردنی دەستوور لە ساڵی 2005، یاسای نەوت و غازی نییە، یەكێك لەو شتانە ئێمە دەتوانین بە یەكەوە یاسای نەوت و غاز بنووسین و بینێرینە پەرلەمان پەسەند بكرێت، ئەمە دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر و ئەم كێشانەی كە ئێستاش هەن، هەموویان چارەسەر دەبن بەم شێوەیە. ئەمە یەك. بابەتی دووەم، بابەتی ناوچە كێشە لەسەرەكانە كە هەموومان دەزانین، بەپێی دەستوور، ماددەی 140 دیاریكراوە كە بە چ شێوەیەك چارەسەر دەكرێت، بەڵام بەداخەوە تاكوو ئێستا حكوومەتی عێراقی نەهاتۆتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە وەكوو لە دەستووردا هاتووە. ئەمە ئەگەر نیەتی باش لە حكوومەتی فیدرالیدا هەبێت، بێگومان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی ئەوەمان هەیە كە هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشەیەش چارەسەر بكرێت. ئەمەش بە چەند قۆناغێك دەكرێت كە لە دەستووردا هاتووە، نامەوێ بچمە وردەكارییەكان، بەڵام چارەسەركردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان یەكێك دەبێت لە خاڵە هەرە گرنگەكانی نزیككردنەوەی حكوومەتی فیدرالی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئێمە ئەو ئامادەییەشمان تێدایە، بۆ نموونە ئامادەیی دروستكردنی هێزی هاوبەش یان لیوا هاوبەشەكان بۆ ئەوەی لەو سنوورانەی كە ئێستا داعشیش بە داخەوە سوودی لێ دەبینێ و لەوێدا مناوەرە دەكا و دەبێتە مەترسی بۆ سەر هێزەكانی عێراقی و خەڵكی سڤیلیش لەو ناوچانە، ئێمە ئامادەیی ئەوەمان هەیە، بەڵام تاكوو ئێستا حكوومەتی عێراق وەكوو پێویست نەهاتۆتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە. ئەمە خاڵێكی تر دەبێت لە هاوكاریكردن. هەروەها بابەتی بودجە كە باسمان كردووە، ئێمە چەندینجار شاندی هەرێمی كوردستانمان ناردۆتە بەغدا، لە رووی تەكنیكییەوە من زۆر زۆر پشتڕاستم كە شاندی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە دەستی پڕەوە چوون و زاڵبوون لەسەر هەموو ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ لایەنەكانی حكوومەتی فیدرالی دەیانكرد، چونكە هەموو شت بە رەقەمە و رەقەمەكانیش دیارن، كە حكوومەتی هەرێم مافەكانی چییە و ئەركەكانیشی چییە. ئەم شتانە لەو كاتەوەی كە من هاتوون، لەگەڵ حكوومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی باس كراوە، لەگەڵ حكوومەتی بەڕێز مستەفا كازمیش باسكراوە، جارێكی تریش ئێمە ئامادەین شاند بنێرینەوە بۆ ئەوەی باسی هەموو ئەو خاڵانە بكەن. حكوومەتی هەرێم چ مافێكی هەیە كە حكوومەتی فیدرالی پێی بدات، هەروەها چ ئەركێكیشی هەیە كە ئێمە جێبەجێی بكەین، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەموو ئەو خاڵانە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە جێبەجێ نەكراوە. تۆزێك مەجالم پێ بدە خاڵێك هەیە بۆت باس بكەم. یەكێك لەو هۆكارانەی كە حكوومەتی عێراق تاكوو ئێستا نەیتوانیوە ئەم شتانە جێبەجێ بكات، سەرۆك وەزیران مافەكانی خۆی یان دەسەڵاتی خۆی بەكار نەهێناوە، یان پشتیوانی نەبووە. هەمیشە كێشەی ئەوەی هەبووە كە گلەیی ئەوەی كردووە، پشتیوانیی سیاسی لە لایەن حزبە سیاسییەكانەوە نەبووە، مەترسی هەبووە، چارەسەركردنی كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە لایەن هەندێك حزبەوە دژی سەرۆك وەزیران بەكار هاتۆتەوە، لەبەر ئەوە پاشگەز بۆتەوە كە بێن ئەوە چارەسەر بكەن. بۆیە چارەسەری ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی نە تەكنیكییە نە یاساییە، سیاسییە، بڕیاری سیاسی لە بەغدا هەبێت، ئێمە دەتوانین هەموو ئەم بابەتانە بە ماوەیەكی زۆر زوو چارەسەر بكەین.
قسەكانی ئێوە هەندێك دەستپێشخەری تێدایە، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بڕیاری داوە لە شەش مانگدا هەندێك كێشەی گەورە چارەسەر بكات، ئایا بە نیازی دەستپێشخەریت؟ مەسرور بارزانی: ئێمە هیوادارین، تەبعەن ئێمە پێشتر قسەمان كردووە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران و ئەو لایەنانەی لە پێكهێنانی ئەم حكوومەتەش بەشدارن، هەندێك بنەما هەن كە ئێمە ڕێككەوتووین لەسەری، یەكێك لەو شتانەی كە جەنابت باسی دەكەیت، ئێمە داوامان نەكردووە مافمان بدەنێ، مافی خۆمانە، ئەگەر تاكوو ئێستا وەرماننەگرتووە، لێمان سەندراوەتەوە نەك بە ئێمەیان نەدابێت، چونكە هی خۆمانە و ماف بە كەس نادرێت، بەڵام ئێمە لەسەر هەندێك بنەما تێگەیشتنمان هەیە.
یەكێك لەو شتانەی كە ئێمە داوامان كردووە شەراكەتی راستەقینەیە، بۆچی؟ ئێمە نامانەوێ بچین بەشداربین لە حكوومەت، بەشداریكردن لە حكوومەت لەگەڵ ئەوەی تۆ خاوەن بەش بیت لەگەڵ ئەوەی بەشداریی راستەقینە بكەیت لە حكوومەت، دوو شتی جیاوازن. دووەم، بابەتی ئەو پۆستانەی كە بڵێم بەشی ئێمە و خەڵكی ئەم ناوچەیەن، ئەوانەش پێویستە وەكوو خۆی پێیان بدرێ بەپێی ئەو رێژەی دانیشتوانەی كە هەیە، خەڵكی بە توانا هەن، من ناڵێم ئەوەی پێشتر باسی موحاسەسە و ئەوانە دەكرا، من نازانم هەندێكجار ئەو وشانە بەكار دەهێندرێن، بە دروستی نازانم، چونكە خەڵكی بە كەفائەت لە نێو هەموو پێكهاتەكان هەیە و دەتوانن دەوری خۆیان ببینن، لە لایەكی ترەوە بابەتی بڕیاردان لەسەر بابەتە ستراتیژییەكان، ئێمە دەمانەوێ هاوبەش و بەشدار بین لە بڕیاردان لە بابەتە ستراتیژییەكان لە عێراقدا بۆ ئەوەی شتەكان بەسەر ئێمەدا نەسەپێ، ئەگەر ئێمە بەشێكین لە عێراقێكی یەكگرتوو، دەبێ خاوەن هەموو مافێك بین و خاوەن هەموو بڕیارێكیش بین و بەشدار بین لە وەرگرتنی بڕیارەكان، پێموایە نیەتی خۆمان پیشان داوە، من ئامادەم هەر كاتێكیش پێویست سەردانی بەغدا بكەین، دەچین و شاند دەنێرین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكەین، ئەوەی بتوانین یارمەتییان بدەین، ئێمە ئامادەین، بەڵام چاویشمان لەوەیە كە چیتر مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل نەكەن و بۆمان بگەڕێننەوە.
بەشداریی ئێمە لە بەغدا تەنیا بە ڕێگەی نوێنەرایەتی نییە، هەر كەسێك خەڵكی كوردستان لە بەغدا پۆست وەربگرێ، دەبێ نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیش و هەموو عێراقیش بكات، بۆیە زۆر پۆست هەیە كە هی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، جگە لە پۆستە وەزارییەكان، لە پۆستەكانی خوارووتریش هێشتا ماونەتەوە و پڕنەكراونەتەوە، بەداخەوە لە حكوومەتەكانی پێشووتر بە شێوەیەكی سیستەماتیكیش ئەم پۆستانە لە كورد خاڵی كران، كوردەكان بەدەر نران و خەڵكی تر لە شوێنیان دانران، ئێستا پێویستە ئەم پۆستانە جارێكی تر پڕ بكرێنەوە. بوونی خەڵكێكی زۆری هەرێمی كوردستان لە بەغدا و حكوومەتی فیدرالی، دەبێتە هۆكارێك بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییەی كە هەموو گلەیی لێ دەكەن و دەڵێن سست بووە، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەمەیە چونكە ڕێگە نەدراوە ئەم پەیوەندییە پتەو بكرێت. ئەمەش نەك لە لایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، هەرێمی كوردستان هەمیشە تووشی پەرچەكردار بووەتەوە لەوەی كە ڕێگەی لێ گیراوە، ئینجا هەرێمی كوردستان هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی فیدرالی ببێتەوە، ئەگەر ئێستا دەرگای بەغدا بە رووی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كراوە بێت، من دڵنیام خەڵكێكی زۆر بە توانامان هەیە، دەتوانن هەم ئەزموونی هەرێمی كوردستان ببەن بۆ بەغدا، هەم دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لە هاوكاریكردنی حكوومەتی فیدرالی.