بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەت
دروستبوون و بنیاتنانی هەر دەوڵەتێک پێویستی بە چەند بنەما یاخود پێوەرێک هەیە، مەرجیش نییە هەموو بنەماکان سەرەکی بن بەڵکوو ئەوەی سەرەکی یە بریتی یە لە (گەل، هەرێم یاخود ڕووبەری جوگرافی، حکومەت یان دەسەڵاتی سیاسی) لە خوارەوە بنەماکان دەخەینە بەرچاو: –
یەکەم/ گەل:
هەبوونی ژمارەیەک لە دانیشتوان کە سیفەتێکی سیاسییان هەیە و بە وشەی (گەل) گوزارەشتی لێ دەکرێت مەرجێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێک و هەرگیز بەبێ هەبوونی (گەل) ناتوانین دەوڵەت بهێنینە بەرچاو.
بۆ ددانپێدانانی دەوڵەت ژمارەیەکی دیاری کراو لە دانیشتوان بە مەرج دانەنراوە، بۆیە دەگونجێت چەند هەزارێک بن وەک “میرنشینی مۆناکۆ” یان دەکرێت زیاتر لە ملیارێک بن وەک “کۆماری چینی میللی”، بەلام بێگومان ژمارەی دانیشتوان بە یەکێک پێوەرەکانی دیاری کردنی هێزی دەوڵەت دادەنرێت.
هەروەها مەرج نییە هەموو دانیشتوانی دەوڵەتێک سەرببە یەک ئایین و نەتەوە بن و بە هەمان زمان قسە بکەن هەرچەندە ئەگەر گەلێک لەو خاڵانەدا هاوبەش بێت ئەوا بێگومان دەوڵەتەکەییان لە ڕووی جێگیری سیاسی و پێکەوە ژیان و هاوکاری کۆمەڵایەتییەوە بەهێزتر دەبێت، چونکە زۆر جار جیاوازی ئەو پێکهێنەرانە لە دەوڵەتدا دەبێتە هۆی ناکۆکی سیاسی و ململانێی ئیتنی و نەتەوەیی و لە ئەنجامیشدا کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی کۆی هێزی دەوڵەتەکە.
ئەم تێبینییە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە ئەگەر دانیشتوانی دەوڵەتێک لە یەکێک یان زیاتر لەو پێکهێنەرانەدا جیاوازبوون ئەوا ناتوانن لە چوارچێوەی قەوارەیەکی وەک دەوڵەتدا پێکەوە بژین و پەیوەندییەکانیان ڕێک بخەن، بەلام ئەگەر جیاوازی هەبوو لە نێوان پێکهێنەرەکان دا ئەوا پێویستە لەسەر دەوڵەت و دام و دەزگاکانی کە لە ڕووی نوێنەرایەتی کردن و بەشداری سیاسی و دابەشکردنی بەهاکانەوە لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە کار بکەن و پێوەری هاووڵاتیی بوون بەسەر تەواوی پێکهێنەکاندا بچەسپێنرێت بەبێ جیاوازی بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک هەست بە پەراوێزخستن و دوورە پەرێزی نەکات لە پرۆسەی سیاسی دا ئەمەش وا دەکات هەموویان ئینتیمایان بۆ ئەو قەوارەیە بۆ دروست ببێت کە پێی دە و ترێت دەوڵەت هەرچەندە لە ڕووی ئایین و نەتەوە و زمانیشەوە جیاواز بن.
دووەم/هەرێم (سنووری جوگرافی):
هەبوونی هەرێمێک بۆ ئەوەی گەلی دەوڵەتەکەی لەسەر بژیت یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دروستبوونی دەوڵەت چونکە بەبێ خاکێک ناتوانین گەلێک پێکەوە کۆ بکەینەوە.
بۆ هەرێمیش بە هەمان شێوەی دانیشتوان ڕووبەرێکی دیاریکراو بە مەرج دانەنراوە بۆ ئەوەی ئیعترافی پێ بکرێت لەبەر ئەوە دەوڵەتان جیاوازن لە ڕووی ڕووبەری خاکی هەرێمەکەیانەوە، هەیە بە دەوڵەتی زۆر بچووک دادەنرێت هەشە بە دەوڵەتی کیشوەری گەورە، نموونە وڵاتی ڤاتیکان بچووکتری دەوڵەت لە ڕووی ڕووبەرەوە، بەڵام ڕووسیا گەورەترین دەوڵەتە و هەردووکیشیان سیفەتی دەوڵەتییان هەیە.
خاکی دەوڵەت دابەش دەکرێت بۆ چەند هەرێمێک وەک هەرێمی وشکانی و ئاوی و ئاسمانی، هەروەها فراوانی ڕووبەری خاکی دەوڵەت بە خالێکی بەهێز دادەنرێت لە دیاری کردنی پێگەی دەوڵەتە جیاوازەکان، چونکە ئەم فراوانییە لە ڕووی کشتوکاڵ و سامانی سروشتی…. هتد سوودی لێ وەردەگیرێت، هەروەها گرنگیشە بۆ هێزی دەوڵەتەکە لە ڕووی ئابووری و سەربازی و سیاسییەوە، هەرێمی دەوڵەت گرنگە بۆ دیاری کردنی دانیشتوانی دەوڵەت، چونکە دانیشتوانی دەوڵەت دەبێت لەسەر خاکەکەیان بژین.
سێیەم/ حکومەت (دەسەڵاتی سیاسی):
حکومەت بریتی یە لەو دەسەڵاتەی کە کاروباری گەلێک لەسەر خاکی هەرێمێکی دیاری کراو بە ڕێوە دەبات بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانیان و پاراستنی ژیان و ماڵ و ئاسایشیان لە هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی، لە ڕێگەی سەپاندنی یاسا ڕێساکان بەسەر هەموو لایەکدا بەبێ جیاوازی، هەروەها ڕووبەڕوو و بوونەوەی دوژمنان لە دەرەوە.
لە ڕووی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە پێویستە دەسەڵاتی حکومەت دا بەش بکرێت بەسەر هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەریدا، لە ڕێگەی ئەم دابەشکردنەوە سنوور لەسەر دەسەڵاتی یەکتر دابنێن، هۆکارەکانی ڕاگەیاندنیش چاودێر بن بەسەریانەوە.
چوارەم/ سەروەری:
سەروەری [السیادة] دەوڵەت بریتی یە لەوەی کە ئەم دەوڵەتە توانای پاراستنی هەموو خاکەکەی بە وشکانی و دەریای و ئاسمانی هەبێت و لەگەڵ پاراستنی هەموو سنوورە ئاوی و و شکان یەکەیەوە لەگەڵ دەوڵەتانی سنووری خۆی دا، مانای سەروەری نیشتمانی بەستراوەتەوە بە توانای دەوڵەتەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی گەلەکەیدا کە لەسەر خاکی هەرێمەکەی دەژین و هۆکارێکیشە بۆ پاراستنی سنووری دەوڵەتەکە، بە ڕای لێکۆڵەرە وانی زانستی سیاسەت پێیان وایە سەروەری بنەمایەکی سەرەکی نییە بۆ دروستبوونی دەوڵەت و ئەم بنەمایە پەیوەستە بە قۆناخی دوای دروستبوونی دەوڵەت.
پێنجەم/ دان پێدانی نێودەوڵەتی:
بۆ ئەوەی دەوڵەتێک ئەرک و مافەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا بگرێتە ئەستۆ و جێبەجێ بکات، دە بێ وڵاتانی ئەندام بڕوای خۆیانی پێ ببەخشن و دانی پێدا بنێن کە ئەویش وەک ئەمان دەوڵەتە و، شەخسێکە لە یاسای نێودەوڵەتی. دان پێدانان ڕێکارێکی سەربەخۆیە و پەیوەندیی بە خاک و خەڵک و دەسەڵاتەوە نییە، چونکە ئەوانە سێ پێکهاتەی بنەڕەتین بۆ دروستبوونی دەوڵەت، بەڵام دان پێدانان لایەنی مەعنەوییە بۆ دەوڵەت، دەوڵەتیت فەلەستین زیاتر لە 200 وڵات دانی پێ داناوە بەڵام هێشتا نەبووەتە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها ئیسرائیل 10وڵاتی عەرەبی دانی پێدا نەناوە بەڵام وەک دەوڵەتیش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیەش ئەم بنەمایە بە بنەمایەکی لاوەکی دادەنرێت.
هەرێمی کوردستان وەک نموونە:
یەکەم/گەل (دانیشتووانی کوردستان):
دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 بە نزیکەیی 6، 200، 000کەس خەمڵێنراوە کە دەکاتە ڕێژەی 15% ی دانیشتووانی عێراق، سەرژمێرییەکانی پێشوو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1965دا 900هەزار کەس بووە، لە ساڵی 1987 2ملیۆن کەس بووە و لە ساڵی 1997دا 2 ملیۆن و 900هەزار کەس بووە، لە ساڵی 2014دا 5، 300، 000کەس بووە، دانیشتوانی هەرێم بەسەر پارێزگادا دابەش بوون کە پێکهاتوون لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، ئەمە جگە لە ناوچە کوردستانییە دا بڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستانیشدا ژمارەیەک پێکهاتە و ئایینی جیاواز بەیەکەوە دەژین وەک کورد و تورکمان، هەروەها مووسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی…. هتد، بەلام بە گیانێکی ئاشتیانە بەیەکەوە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دا دەژین و هیچ کێشەیەکی نەتەوەیی و ئایینی لە نێوانیان دا نەبووە.
هەر وەک لە چوارچێوەی بنەمای (گەل) دا وەک پێوەرێکی دروستبوونی دەوڵەتدا باسمان کردووە زۆری و کەمی لە ژمارەی دانیشتوان نەکراوەتە مەرج بۆ دروستبوونی دەوڵەت، دە شێ ژمارەی دانیشتوان چەند سەد کەسێک بێت وەک (ڤاتیکان) و دەشێت سەروو ملیارێک بێت وەک (کۆماری چینی میللی).
دووەم/ ڕووبەر (ڕووبەری هەرێمی کوردستان):
هەرچەندە بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی وڵات و نەبوونی سنوورێکی دان پێ دانراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەم هەرێمە تاک و ئێستا نەتوانراوە ڕووبەری ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت ئەوەی با سیش کراوە هەمووی دەچنە ڕا و بۆچوونی تاکە کەسی یان بۆچوونێکی نەتەوەیی، بەلام لە ئەنجامی لێکدانەوەی یەکە کارگێڕییەکانی ناو سنووری ئێستای هەرێمی کوردستانەوە کە نەخشەکەی لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، ئەوە دەردەکەوێت کە ڕووبەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (82737) کم2 دەبێت بەمەش ڕێژەی (18.8%) لە خاکی عێراق پێک دەهێنێت، کۆی گشتی ڕووبەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە (90، 000) کم2.
هەر وەک لە چوارچێوەی بنەمای ڕووبەر وەک پێوەرێک بۆ دروستبوونی دەوڵەت باسمان کرد کە ڕێژەی ڕووبەر لە ڕووی زۆری و کەمییەوە دیاری نەکراوە و ڕووبەری هەرێمی کوردستان لە ڕووبەری زۆر وڵات زیاترە
سێیەم/ دەسەڵاتی سیاسی (حکومەتی هەرێمی کوردستان):
لە ئەنجامی ئەو هەلومەرجە سیاسی نوێیەی کە بەهۆی داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت، لەپاش ١٩٩٠/٨/٢ لە عێراق و ناوچەکە هاتە ئارا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان لە عێراق دا، بەرەی کوردستانی بە پشتیوانی و بەشداری جەماوەری کوردستان توانیان بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی عێراق، بەشاری کەرکووکیشەوە ڕزگار بکەن.
بەڵام دواتر، ڕژێمی سەددام بەشێکی زۆری شارە گەورەکانی کەرکووک و سلێمانی و هەولێر و دهۆکی دا گیر کردەوە، بۆ دەرباز بوون لە شاڵاوی کوشتنی دڕندانەی ڕژێمی سەددام، گەلی کوردستان بە کورد و تورکمان و مەسیحییەوە، لە کۆڕەوێکی ملیۆنیدا بەرەو ناوچە سنوورییەکانی ئێران و تورکیا کۆچیان کرد. هاوکات هێزی پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەکان، لە هەر دوو ناوچەی کۆڕێ لە هەولێر، و چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی، سەنگەری بەرگریان قایم کردە ئازایانە هێزی پەلاماردەری سوپای عێراقیان تێک شکاند. دواتر لەسەر پێشنیازی فەرەنسا و بە پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری٦٨٨ ی دەرکرد، بە هۆییەوە ناوچەی (پەناگەی ئارام) بۆ خەڵکە ئاوارە بووە کەی ناوچە سنوورییەکان، لەدژی فڕینی فڕۆکەکانی سوپای عێراقی لە سەرووی هێڵی پانی ٣٦ پلە، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان دیاری کرا.
دوای شکست هێنانی گفتوگۆکانی نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی سەددام، لە ١٩٩١/١٠/٢٦، حکومەتی عێراق دەستی کرد بە کێشانەوەی دامودەزگا ئیدارییەکان لە ناوچەکانی کوردستان. ئەمەش بۆشایییەکی یاسایی و ئیداریی دروست کرد، بەرەی کوردستانی، کە لە حەوتت حیزب پێک هاتبوو، وەکوو دەسەڵاتی دیفاکتۆی ناوچەکە، لەئاستی ڕووبەڕووبوونەوە ئەو تەنگژە سیاسی و ئیداری و یاسایییەدا بوو کە ڕژێم لە کوردستان دروستی کرد، ئەوە بوو لەپێناو بەڕێوەبردنی هەرێم و دانانی دەسەڵاتی یاسا، بەرەی کوردستانی بیری لە دامەزراندنی سیستەمێکی پەرلەمانی کردەوە، لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەربەخۆی ئازاد و دیموکراتییەوە.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، لەڕێگەی دەنگدانی گشتی و نهێنی و ڕاستەوخۆ، لە ١٩٩٢/٥/١٩ بە بەشداری نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو هاووڵاتییان دەکرد، ئەنجام درا. کە بە هاوکاری و پشتیوانی چاودێرانی بیانی و دۆستانی گەلی کورد بەڕێوەچوو.
دوای ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان دامەزراوە، کە یەکەمین پەرلەمانی هەڵبژێر دراو بووە، ئیتر لەم کاتەوە هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و و بەڕێوەبردنی خۆیەتی، لە ئێستادا 31مین ساڵەی حوکمڕانی تەمەنی دایە و تاک و ئێستا 9 کابینەی بەڕێ کردووە.
چوارەم/ سەروەری:
بە واتای دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت دێت بەسەر تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەروەها بۆ پاراستنی سنووری دەوڵەتەکەی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم دەسەڵاتەی خۆی بە تەواوی مومارەسەکردووە لە ناوخۆدا، بەڵام لە ڕووی پاراستنی سنوورەکانی بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی دژ بە هەرێم نەتوانراوە ئەمە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆیە دەگوترێت ئەم بنەمایە پەیوەستە بە قۆناخی دوای دروستبوونی دەوڵەت چونکە کاتێک هەر کیانێک ناسنامەی دەوڵەتی پێ دەدرێت لە ڕێگەی پەیماننامە و ڕێکەوتنی نێو دەڵەتی هێزێکی دیکە دەداتە دەوڵەتەکە و هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە هێرش و دەست درێژی بکاتە سەر سنووری دەوڵەتێکی دیکە بەپێی یاسا و جاڕنامە نێودەوڵەتییەکان چونکە بە پێشێلکاری گەورە دادەنرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دا .
پێنجەم/دان پێدانانی نێودەوڵەتی:
بەپێی ماددەی 117ی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان کیانێکی دان پێ دانراوی نێودەوڵەتییە, لە ڕووی ئەتەکێت و هەڵسوو کەوتی دیپلۆماسییەوە پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک و سەرکردەکانی دەوڵەتانەوە بەپێی ماددەی 117ی دەستووری عێراقە و جگە لەوەی هەرێم کیانێکی فەرمییە، ئاستی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان دیفاکتۆیەکی خاوەن پێگەی بەهێزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کیانی هەرێمی کوردستان کیانێکی فەرمییە، لەبەر ئەوە ئەم قەوارەیە دان پێدا نراوە لە ڕووی نێودەوڵەتی و لەلایەن یوئێنیشەوە لە بڕیاری 688دا حەسانەی هەیە، لە ڕووی پێگەشەوە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەمە زیاتر ڕەنگی دایەوە لە ساڵی 2014 و سەر وەختی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان کاتێک داعش بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیر کردبوو، بەلام کاتێک ئاراستەی هێرشەکانی گۆڕی بۆ سەر خاکی هەرێم هاوپەیمانان بە خێرایی هاتنە سەرخەت بۆ پاڵپشتی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، هەروەها ئەو کاتە کوردستان ببوو ترافیکی سیاسی وڵاتانی زلهێزە ناوچەیی بە جۆرێک شاند و بەرپرسانی باڵای وڵاتان دەهاتنە کوردستان و لێرەوە ئینجا دە گەڕانەوە بۆ بەغدا، ئەمەش نیشانەی ئەوە بوو هاوشێوەی دەوڵەتێک مامەڵەیان لەگەڵ هەرێم دەکرد
سۆران خاکی