محەمەدی حاجی مەحموود: کورد ئێستا دەتوانێ کارتی ریفراندۆم بەکار بهێنێت

محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ”هەر میللەتێک داوای ئازادی و سەربەخۆیی بکات، تا لە ژێردەستەیی رزگاری ببێت، رەنگە باجی قورسیش بدات، ریفراندۆم هەنگاوێکی گرنگ بوو لە مێژووی میللەتەکەماندا، لەبەر ئەوەی یەکەمین جاری بوو بەم شێوەیە داوای سەربەخۆیی بكات، چونکە کورد قوربانی زۆری لەپێناو لامەرکەزیەیت و حوکمی زاتی راستەقینە و فیدراڵییدا داوە. کورد بە کیمیایی لێی درا، ئەنفال کرا و زیندەبەچاڵ کرا و چوار هەزار گوندی تەخت کرا، هەموو ئەمانە بەرامبەر کورد کران، ئەوەی بەدرێژایی مێژوو بەرامبەر کورد کراوە، هیچ میللەتێک نییە بە دەستی سەرانی وڵاتەكەی ئاوای بەرامبەر کرابێت، ئەمەی بەرامبەر کورد کراوە شتێکی دەگمەنە لە دونیادا، کورد مافی سەربەخۆیی و ئازادی هەیە و نابێ لەسەر خاکی خۆی بە میوان بزانرێت، داهاتی نەوت و خاک و بەردی حەڵاڵی خۆیەتی و حەرامی هەر کەسێکی دیکەیە لەم دونیایە.“

لەبارەی پەشیمانبوونەوەی هەندێك كەس و لایەن لە ریفراندۆم، محەمەدی حاجی مەحموود دەڵێت: ”لە چی پەشیمان بین؟ ئایا لەسەر داوای رەوای خۆمان پەشیمان بین؟ نەخێر، ئێمە نەک پەشیمان نین، بەڵكو 100 جاری دیکەش ریفراندۆم بکرێ، پشتیوانی لێ دەکەین و دەنگی بۆ دەدەین. من پێموایە ریفراندۆم کارتێکی زۆر گەورە و بەهێزە و چەندین جاریش باسم کردووە، تاپۆیەکی رەشە لە گیرفانی هەر تاکێکی کورددا.“

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ”ئێستا کارتی ریفراندۆم بۆمان گرنگە، چونکە ئێستا حكومەتی فیدڕاڵی کورد بە عێراقی نازانێت، لەنێو چوارچێوەی ئیدارەدا کوردی دانەناوە، بۆ ئەوەی بودجە بە کورد بدات، بەڵکو تا ئێستا قەرز بە هەرێم دەدات و وەک وڵاتێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات.

هەروەها تا ئێستا پێشوازی لە کورد ناکات و ناهێڵێت داهاتی بەروبوومی جووتیاران بچێت بۆ ناوچە عەرەبییەکان، رێگە نادات جووتیارەکانمان گەنمەکانیان بەوان بفرۆشن، ئەگەر بشیفرۆشێت پارەکەی دوا دەخات، واتا کورد بە عێراقی نازانێت، بۆیە پێم وایە ئێستا کاتی بەکارهێنانی کارتی ریفراندۆمە و گرنگیشە بەکاری بهێنین، چونکە ئەم عێراقە كە هیچ مافێک بە کورد نادا، مانای ئەوەیە ئێمەی قبووڵ نییە، هەرچەندە من خودی خۆم، خۆم بە عێراقی نازانم.“

Back to top button