ئومێد خۆشناو: پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە: “ئەمرۆ چوارشەممە 2024.5.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەندی و سەرۆکى شارەوانیی و بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازی لە بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕی قەیسەری کرد.”

ئاماژە بەوەش دراوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهێناینان، ڕایگەیاند: “وەک حکوومەت و پارێزگاى هەولێر، لە ئێوە زیاتر دڵگران و خەمبارین بەو ڕووداوەى لە بازاڕى قەیسەرى هەولێر ڕوویداوە، چونکە هەولێر واتا (قەڵا، منارە و بازاڕی قەیسەری) حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر گرنگییەکی زۆر بەو سێ شوێنە دەدات چونکە ئەو شوێنانە ناسنامەی شارەکەمانە، هەروەها نەک ئێمە بەتەنها بگرە هەموو خەڵکی شاری هەولێر دڵگران و خەمبارە بە سووتانی ئەو بازاڕە.”

گوتیشى: “لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی، کە ئایە بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوونە بووە بە ڕێنماییەکان، یان دەستێکی خراپکاری لە پشت بووە، لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ راى گشتیى ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە رادەگەیەندرێت.”

پارێزگارى هەولێر، ڕاشیگەیاند: “وەکوو پارێزگاى هەولێر، جگە لە لیژنەى لێکۆڵینەوە، لیژنەیەکى تەکنیکی پێکهێنراوە بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، لە ئێستاشدا تیمەکانى ژینگە پارێزى دەستیانکردووە بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى دوکانداران و هاوڵاتییان، پێویستە ئێوەش هاوکارمانبن بۆ جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان و هەڵگرتنى سەرجەم زێدە ڕۆیی و سەرپێچییەکانى نێو بازاڕەکە، جەختیشى لەوە کردەوە، کە بۆ لەمەودوا هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکارێکی سەرەکی ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەسەندنی بوو بە هەموو شێوەیەک قەدەغەدەبێت.”

لە بارەی پێدانەوەى کارەباش بە بازاڕەکە، کە داواکارى کاسبکارانى بوو، پارێزگارى هەولێر گوتی: “بەڕیوەبەروەبەرایەتى کارەبامان ڕاسپردوو، ئەو کێشەیە چارەسەربکەن و ئەو دوکانانەی کە زیانیان بەرنەکەوتووە خاوەنەکانیان دەتوانن لە ئەمڕۆوە دوکانەکانیان بیکەنەوە و دەست بە کار و کاسبی خۆیان بکەن، بۆ ئەوانی دیکەش دواى پاککردنەوەى شوێنى ڕووداوەکە لیژنە هونەرى پارێزگا، دەست بە خەمڵاندنى چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان دەکەن”. دڵنیاشى کردنەوە، وەک پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت بۆ هاوکارى و هەماهەنگى ئەو دوکاندار و کاسبکارانەى کە بەهۆى سووتانى دوکانەکانیان زەرەمەند بوونە درێخی لێناکرێت.”

لەکۆتایشدا، سەبارەت بە پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕەکە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: “ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون نامێنن و لە شوێنى ئەوان، پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت.”

Back to top button