یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە سەردانی هەولێر دەکات
بڕیار وایە ئەمڕۆ ئێوارە جێفری پایەت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە، سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵی هەرێم کۆببێتەوە بۆ تاوتوێ کردنی چەند پرسێکی پەیوەست بە وزە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پایەت لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی باسیان لە بەرزکردنەوەی کارایی وزە و فراوانکردنی سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە و بەرزکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبای کردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێت، دوای بەغدا، پایەت سەردانی هەولێر دەکات و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی پشتیوانیکردن لە گۆڕانی عێراق بەرەو وزەی پاک. هەروەها دانوستانەکان لەسەر کەڵک وەرگرتن لە یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی سەربەخۆیی وزەی عێراق دەبێت.
لە هەردوو شاری هەولێر و بەغدا، پایەت باس لە گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیەوە بۆ کەمکردنەوەی پچڕانی ئەگەری دابینکردنی نەوتی ئەوروپا کە لە کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕووسیاوە سەرچاوە دەگرێت.
سەردانەکە پایەت جەخت لەسەر پابەندبوونی نەگۆڕی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ عێراق و هاوبەشە ناوچەییەکانی بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزە، پەرەپێدانی گەشەپێدانی بەردەوام و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە زەقەکانی کەشوهەوا.