وەزارەتی تەندروستی : هیچ تووشبوونێک بە نەخۆشیی کۆلێرا تۆمار نەکراوە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد: لە هەرێمی کوردستان هیچ تووشبوونێک بە نەخۆشیی کۆلێرا تۆمار نەکراوە و، ئەوەی هەیە تەنها پەتای سکچوون و ڕشانەوەیە کە زیاتر لە نێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە .

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەک رێنمایی و چارەسەری و هۆکاری تووشبوونی بە نەخۆشی کۆلێرا بڵاو کردەوە:

رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا:

1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەریان داپۆشراو بێت.

2- سەوزە و میوە بەباشی بە پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆردرێتەوە.

3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە.

4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە یان بە تەندروستیی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی، یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.

5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت و پاك و خاوێن ڕاگرتنی.

6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.

7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.

 

8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردکردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.

نیشانەکانى نەخۆشی کۆلێرا

– سکچوونێکى توند، کە لە شێوەى ئاوى برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.

– ڕشانەوەیەکی زۆر.

ئەم دوو نیشانەیەی نەخۆشییەکە، وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەش لە ماوەیەکی کەمدا لەدەست بدات و ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، بۆیە پێویستە بەخێرایی ئەو بڕە ئاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ جه‌ستە لە ڕێگەی ده‌ماره‌كانییه‌وه‌ “موغەزی”ی ئاو وه‌ربگرێت، یان خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.

چارەسەری نەخۆشی کۆلێرا

– خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لەدەستی داوە.

– خواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.

– پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژە زیندەگی (anti biotic).

چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا

– خواردن و خواردنەوەیەك، کە پیس بووبێت بەم میکرۆب یان بەکتریای (viblro cholera)

– پیسبوونى ئاوى خواردنەوە بە پاشەڕۆى مرۆڤ، کە میكرۆبی جۆراوجۆر پێکهاتووە.

– چوونە ژوورەوەى بەکتریاکە ڕاستەوخۆ لە رێگەى بەکارهێنانى شتى پیس بۆ ناودەم.

– گواستنەوەی لە ڕێگەی مێشوولەوە، لە شوێنێکی پیسبووەوە بۆ کەلوپەل و خۆراك

Back to top button