سەنتەری میترۆ : ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكەین
سەنتەری میترۆ رایدەگەیێنێت :” هێزێكی ئەمنی چالاكییەكی مەدەنی سەركووت دەكات، ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەكەین لەبەرامبەر پەیامنێرانی دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكییەكی مەدەنی
لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردۆتەوە، سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) كە پێچەوانەی یاساكانی رێكخستنی خۆپیشاندان و رۆژنامەگەرین.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنج شەممە تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس پێكهاتوون، لە شاری سلێمانی چالاكییەكی جەماوەری هەمەڕەنگ و هونەری و مۆسیقی و ئەدەبی ئەنجامبدەن، بەمەبەستی وەستان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەكرێتە سەر ژینگەی سروشتی شاخەكە.
لەكاتی گەشتنی چالاكوانان بۆ بەردەم پرۆژەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریان لێكرا ، توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر كردن و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەندێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانەكان و وێنەكانیان سڕیوەتەوە. نەیانهێشت كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ( ئێن ئارتی، كەی ئێن ئێن، زووم، مایك)روماڵی چالاكییەكە بكەن.
هێزە ئەمنییەكان بەوەشەوە نەوەستان، هێزێكیان چاودێری ئۆتۆمبێلی چالاكوانەكانی دەكرد تا گەیشتنە ناو پاركی ئازادی، كە بە گەیشتنی بەشداربووان و رێكخەرانی ئەو چالاكییە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان رێكخست.
لەم بارەیەوە بەهار عەبدولكەریم پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە میترۆی راگەیاندووە:” هێزێكی ئەمنی زۆری دەمامكدار و چەك بەدەست تەنها بەس چاویان دیار بوو لەوێ بوون، رێگرییان كرد روماڵ بكەین ووتی “مایكو كەلوپەلی رۆزنامەوانییەكانیان لێسەندین و كردیانە سەیارەكانی خۆیانەوە” جەختیكردەوە ” كۆدی مۆبایلەكانیان پێكردینەوە وێنە و ڤیدۆكانیان سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێكردم هەر ڤیدیۆیەك بڵاوبكەیتەوە بانگت دەكەین بۆ ئاسایش”
بە پێی شایەتحاڵەكان ئەو هێزە پەلاماری دووچالاكوانیان داوە، ئازاریان پێگەیشتووە و كەوتونەتە سەر زەوی، پاشان دەستیان بەسەر سەكۆی چالاكوانەكان گرتوەو كردویانەتە سەیارەی هێزە ئەمنیەكان و بردوویانە.
وە دواتر دوای 2 سەعات لە وەستانی رۆژنامەنووسان و چاوەڕێ كردنیان و بڵاوەپێكردنی چالاكوانان كەل و پەلەكانیان یاونەتەوە.
سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) و دژ بە ئازادی خۆپیشانی ئاشتیانە و ئازادی كاری راگەیاندنكارانە.
بە پێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ئەركی هێزی ئەمنی پاراستنی بەشداربووانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گردبونەوەكانە نەك سەركوتكردنی.
بە پێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس مافی روماڵكردنی چالاكی گشتی هەیە و نابێ رێگریان لێبكرێت.