سیپان شێروانی: ڕاستە (تەوتین) و (هەژماری من) پڕۆژەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، بەڵام هەندێك جیاوازی جەوهەریان هەیە
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جیاوازی نێوان (تەوتین)ی عێراق و (هەژماری من)ی كوردستان دەخاتە ڕوو و نووسیویەتی: “ڕاستە تەوتین و هەژماری من هەردووكیان پڕۆژەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانە، بەڵام لە وردەكارییدا هەندێك جیاوازی جەوهەری هەن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی و ئابووریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جیاوازییەكان لەم چوارە خاڵەدا دەخاتە ڕوو:
1- زیاتر لە نیوەی بانكەكانی بەشدار لە تەوتین لە لیستی ڕەشی خەزانەی ئەمریكادان و مامەڵەكردن بە دۆلاریان لێ قەدەغەكراوە، بەڵام هیچ بانكێكی هەژماری من لە لیستی ڕەشی خەزانەدا نین و هەم لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراق و هەمیش لە خەزانەی ئەمریكادا قبووڵ كراون.
2- لە نێو بانكەكانی بەشدار لە تەوتین چەندین گەندەڵی گەورەیان ئەنجامداوە وەك دزی قەرن، كە 3.7 تریلۆن دینار دیارترینیانە و بابەتی حەواڵەی 1.4 ملیار دۆلار و چەندین گەندەڵی تر هەن، بەڵام لە بانكەكانی بەشدار لە هەژماری من هیچ گەندەڵییەكی دیار یان شایەنی باس بێت نییە، ئەمەش ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە مووچەی فەرمانبەرانی بخاتە دەستێكی ئەمانەوە.
3- لە تەوتین هەموو جوڵەیەكی مالی ورد ناچێتەوە بانكی مەركەزی، بەڵام هەژماری من هەموو جوڵەیەكی مالی ورد بە تەواوی زانیارییەوە دەچێتە بانكی مەركەزی.
4- هەژماری من زیاتر لە 1/3ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، بەڵام بانكەكانی تەوتین تا ئێستا نەك هیچ فەرمامبەرێكی هەرێمی تۆمار نەكردووە، بەڵكوو هێشتا لقەكانی بانكەكان لە هەرێم تەنیا 2 3 لقن.
سپیان شێروانی، دەپرسێت، لەكاتێكدا ئەم جیاوازیانە هەن “بۆچی هەندێك لایەنی هەرێم دژی هەژماری منن و پاڵپشیی لە تەوتین دەكەن؟”
هەر خۆیشی وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و نووسیوەیەتی: “ئەو بانكانەی سزادراون دەتوانێت بە ئاسانی كاری شوشتەنەوەی پارە و تەمویلی ئیرهاب و گواستنەوەی نایاسایی و (تهریب الاموالی) پێ بكرێت بەتایبەت، كە هەموو جوڵە و زانیارییەك ناچێتەوە بانكی مەركەزی ئەمەش لە پڕۆژەی هەژماری مندا لە مەحاڵ مەحاڵترە، چونكە بانكەكان هەم لەژێر چاودێری خەزانەی ئەمریكادان هەمیش تەواوی جوڵە و زانیارییەكان دەچنەوە بانكی ناوەندی.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە، پڕۆژەی هەژماری من لەسەروبەندی تەواوكردنی تۆماركردنی فەرمانبەران دەبێت ئەگەر هەندێك لایەنی ناحكومی بەربەستی بۆ دروست نەكەن، واتە ئەگەر تەواوی فەرمانبەران لە هەژماری من تۆماربكەن ئەوا كێشەی مووچە بەتەواوی چارەسەر دەبێت پاڵپشت بە بڕیار و ڕونكردنەوەی دادگای باڵای فیدراڵی، بەڵام ڕەتكردنەوەی هەژماری من، كە لە قۆناغی كۆتاییە و داواكردنی تەوتین هیچ لقی بانكەكانی لە هەرێمی كوردستان نییە و هیچ فەرمانبەرێك تۆمارنەكراوە تەنیا بۆ ئەوەیە كێشەی موچە هەر بەردەوام بێت و ئۆبالی كێشەكەش بخەنە ئەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.