وەزارەتی پەروەردە خزمەتگوزارییەکی نوێی دیجیتاڵی ڕاگەیاند
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی دیکەی دیجیتاڵی پەروەردەی ڕاگەیاند کە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی کەرتی حکومەتی ئەو خزمەتگوزارییە بەردەست بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی ‘ئی-هەڵسەنگاندن’ رایگەیاند : “ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت، کە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی کەرتی حکوومەتی ئەو خزمەتگوزارییە بەردەست بێت”.
گوتیشی “لە سەرەتای وەرزی دووەم، ناوەندەکانی خوێندن دەتوانن ئەو ئەپلیکەیشنە بەکار بهێنن.
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند “ئەو خزمەتگوزارییە ئەبێتە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و بەخێوکاریی قوتابی، گرنگیەکەشی لەوە دایە کە بەخێوکاری قوتابی لە ڕێگەی ئەو ئەپلیکەیشنەوە دەتوانێت ئاگاداری نمرەی منداڵەکانی بێت، هەروەها دەتوانێت ئاگەداری ئەو هەڵسەنگاندنانە بێت کە مامۆستا بۆ منداڵەکانی دەیکات. لەهەمان کاتیشدا، بەخێوکار دەتوانێت خشتەی هەفتانەی وانەکان و خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابییەکە ببینێت.”