سەرۆك بارزانی پێشوازی وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەكات
ڕۆژی پێنجشەممە 23ی كانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەدیدارەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا و هەروەها مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و ڕۆڵی لایەنە كوردییەكانی سووریا لە ئاییندەی ئەو وڵاتە و پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و پشتبەستن بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگی نێوان لایەنەكان كرا. پەیوەست بە ئایندەی كورد لە سووریا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و نەهامەتیەكانی گەلی كورد لە سووریا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە ئاشتی و دیالۆگ گرفتەكان چارەسەر بكەن، هەروەها سیستەمی سیاسیی نوێی سووریا تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی گەلی كورد و داواكاری و ماف و تایبەتمەندیی گەلی كورد هەبێت.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پڕۆسەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوونی ئارامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوو و نموونەیی وەسف كرد.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و ئەڵمانیا كرایەوە و سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. شاندی میوانیش ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئەڵمانیا پشتیوانی گەلی كوردستانە و لە هەموو بارودۆخێكدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا لە هەماهەنگیدا دەبێت.