ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانیی (ڕووناکی) تایبەت بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری پەسەند کرد

ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی فیدراڵ دەبێت وەک قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و شایستە داراییە دەستووریەکانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ، بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە ( پـڕۆژەی ڕوونـاکی ) بـۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکـانی کارەبـای نیشـتمانی بە شــێوەیەکی فــراوان و بە بەردەوامــی و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان و ڕێگــريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە ، لەلایەن کەرتی گشتیی و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا میوانداریی هەردوو بەڕێوەبەری گشتی دیوان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم کرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەکاریی پڕۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.

سەرۆک وەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەندکرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.  سەرۆک وەزیران، ئەم پڕۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناوبرد کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

سەرۆک وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتیی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتیی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن. سەرۆک وەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان کارەبا بە کاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی بیست وچوار كاتژمێری.
پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاووڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازیانە کرد کە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەنجامدرا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لە لایەن هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانکاریی لە پێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتیان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای بیستوچوار كاتژمێری ( پـڕۆژەی ڕوونـاکی ) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو بەمەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.  لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بە گوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە وسەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.

لە بڕگەی دووەمدا ، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023 ، 2024 ، 2025 . ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، لە هەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێ حکومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاریی و یاساییەکانی حکومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێکردووە و هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

 

Back to top button