سەرۆکی حکومەت: دەستمان بە چاکسازیی هەمەلایەنە کردووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان دەبێت

ئەمڕۆ یەکشەممە 6/1 ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو.
لە ئاهەنگەکەدا، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان ، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
میوانە بەڕێزەکان:
بەڕێزان ئەندامانی دەستەی ئەمینداران، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان، فاکەڵتی و ستاف و دایک و باوکانی سەربەرز، دەرچووانی ساڵی 2025:
ئێوارەتان باش،
شەڕەفێکی گەورەیە، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێرە لەگەڵتانم.
ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە نەک تەنھا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەرکەوتنی ئەکادیمیتان، کە بە ھەوڵ و ماندووبوون بەدەستتان ھێناوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینیی ئەو کەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمرۆ.
بەناوی ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و ھەموو کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەکەم.
ئەم ئاھەنگەی ئەمڕۆ تەنیا بۆ ئەو دەستکەوتە ئەکادیمییە نیە کە بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر بەدەستتان ھێناوە، بەڵکوو ئەمە خاڵی وەرچەرخانە.
ئەمڕۆ، ئێوە بە فەرمی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە قۆناخی دەرفەت، بەرپرسیارێتی و بەدیهێنانی ئامانجەکانتان. ئێوە ئەندازیاری داھاتووی کوردستانن و ئەم گەشتەش، بەو شارەزایی و زانست و پەیوەندییانەی لە سەرەتای خوێندنتانەوە لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان بەدەستتانھێناون، دەست پێبکەن.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان ھەنگاوی سەرەتا و سەکۆی دروستکردنی کاریگەرییەکی واتادارە لە کوردستان و ھەموو جیھان. دڵنیام ئەو بەھایانەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە ئێوەدا چاندوویەتی، وەک حەزی زانین و زانیاری، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، خولیا، ھاوکاری، خزمەتکردن و ڕاستگۆیی، دەبنە ڕێنیشاندەرتان و ھاندەرتان دەبن، وەک چۆن پاڵنەر دەبن بۆ ھاوڕێ و ھاوپیشەکانتان.
ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەرچاویان دەبێت لەسەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.
دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناخێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا. ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشيی بەردەوامی خۆمان کە بەهاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکومەت و گەلی ئەمەریکا دووپات کردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی 1990ەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمەریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داهێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشان دا کە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکوو دنیابینییەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە،. لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینییە بەردی بناخەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگە سەرەکییەکان دروستکراون، سیستەمی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەکی باش فراوان کراوە، بەنداوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان دروست کران.
ئێمە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکوو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لە ڕێگەی (پرۆژەی ڕووناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر.
بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەریی (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نیە لە ناوچەکەمان. ئەم پرۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیارێتی.
لە کرۆکی ئەم پێشکەوتنە ھێزێکی پاڵنەر ھەیە: ئەویش تەکنەلۆجیایە.
زیرەکیی دەستکرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆکەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە هۆی وەرچەرخان لە ئابووری و کۆمەڵگەکەشمان. ھەربۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەکانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەشی لەنێوان زانکۆ و کەرتی تەکنەلۆجیادا دەکەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و کوردستان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەکیی دەستکرد لە جیھان.
تواناکانی خەڵکی ئێمە، تەنیا لە ڕێگەی سیستمێکی تەندروستیی بەھێز و متمانەپێکراوەوە دەردەکەون، ئەمەش لە شارەزا و کەسانی پیشەیی و بەبەزەیی لە بواری تەندروستیدا دەست پێدەکات، کە بناخەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەرھەمھێن دادەنێن. لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان، پرۆگرامێکی پەرستاریمان ھەیە، نەک تەنیا بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکوو وەک مۆدێڵیک لە ناوچەکەدا خزمەت دەکات. ئەمڕۆ دەستکەوتێکی مێژوییە: شانازی دەکەم یەکەم گرووپی دەرچووانی پەرستاری دەبینم، کە ھەریەکەیان بە سکۆڵەرشیپی تەواو پشتگیری کراون. ئەوان زیاتر لە دەستکەوتێکی ئەکادیمین، ئەوان ھیواکانمان بۆ کوردستانێکی پێشکەوتوو و تەندروستتر بەرجەستە دەکەن. پابەندیی ئێمە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکوو وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی پرۆگرامی پیشەیی پەرستاری بۆ بەھێزکردنی ڕاھێنانی پەرستاری دەکەین و ھاوکاریان دەبین لە بەدەستھێنانی ئەو شارەزاییەی کە پێویستیانە بۆ باشترکردنی سیستمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق.
با ئەو بنەما سەرەکییانە لەبیر نەکەین کە دەبنە هۆی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی ئابووری و داهێنان، ئەویش، سیستمی خوێندن و پەروەردەمانە. کارنامەی چاکسازییەکانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەک ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و میکانیزمەکانی دڵنیایی جۆریی بەهێز بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاکسازیی کارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی دامەزراوە پەروەردەییەکان. لە ھەمانکاتدا، باشترکردن و بەهێزکردنی ئاستی قوتابییانمان، لەپێشینەی کارەکانمانەوەیە و فێرکردنی قوتابییانمان چەقی گرنگیدانمانە. لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە کە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگەمان لەبەردەم کاری ئەکادیمی سەربەخۆ کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە، خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە داهێنان دەکاتە کرۆکی سیستمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەکی زانستخواز بنیات بنێین، نەتەوەیەک، بەدرێژایی ژیانی بەدوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەکسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت. وەک دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی کوردستان، ئێوە لەناو ئەو باشترینانەدان کە ساز و ئامادەن بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە. داواتان لێدەکەم لە کارەکانتاندا، ئەوپەڕی ئێتیک و پێوەری ئەخلاقی پیشەیی ڕەچاو بکەن. ناسنامەی خۆتان و نیشتمانەکەتان لەناو دڵتاندا بێت، تەنانەت ئەوکاتانەش کە لە جیھاندا بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێن. خزمەتی ئەو نەتەوە و نیشتمانەت بکە کە لەم گەشتەی ژیانتدا، پشتیوانی کردی. بە مانای وشە ھاووڵاتی بن، ئەو ھاووڵاتییانەی خزمەت دەکەن و کۆمەڵگەکەیان دروست دەکەن و سەری دەخەن. با بەبیرتانبێنمەوە، سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی، لە دەستنیشانکردنی ئامانجەوە دەست پێدەکات: مەترسن و بەردەوامبن لە گەیشتن بە خولیاکانتان، بەڵام هەرگیز ئەو بەھایانە لەبیر نەکەن کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە. ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر، کوردستان پێویستی بە وزە و بیرۆکە و سەرکردایەتیی ئێوەیە. وەک نەوە دوای نەوەکانی پێشمەرگەکانمان، کە قارەمانانە شەڕیانکرد و قوربانیی زۆریان دا بۆ پاراستنی خاک و وڵاتمان، وەک خاوەن دیدگاکانمان، کە دامەزراوەکانمانیان دروست کرد، وەک ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بێوچان و ماندووبوون ڕۆژانە بۆ بەھێزکردن و خزمەتکردنی نەتەوەکەمان تێدەکۆشن، ئێوەش پێویستە ئەم چرایە ھەڵگرن و بۆ پێشەوە بڕۆن.
دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی 2025 دەکەم.