گومرگی هەرێمی کوردستان وەڵامی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان وەڵامی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەدات: دەستەکە نایاساییە و تەنیا بۆ گەندەڵی دامەزراوە.
لە روونکردنەوەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-06-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان دەکەن.
جەختیش دەکاتەوە “هەرێمی کوردستان سیستمێکی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ بەڕیوەبردنی دەروازە سنوورییەکان هەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی داهاتەکان کۆدەکرێنەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی لە عێراق هەیە کە سیستمی دەروازە سنوورییەکان بە خراپی بەڕێوەبردن ناسراون. ”
هەروەها بەپێی روونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان “هێرشی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی راستییەکانە.”
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا جەخت کراوەتەوە، گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەلاماردانی کوردستان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شکستی ئیدارەدانی خۆیان.