پارێزگای هەولێر: پلانی جەژن بە سەرکەوتوویی و سەلامەتی کۆتایی هات

پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت : پلانی جەژن بە سەرکەوتوویی و سەلامەتی کۆتایی هات و، لە رۆژانی جەژندا 89 هەزار و 301 گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.

نووسینگەی پارێزگای هەولێر، بڵاوی کردەوە،بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگاوە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیروگرفت جێبەجێکرا.

ئاشکراشیکردووە، ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی رۆژانی جەژنی قوربان، لە سنووری پارێزگاکەمان بەوشێوەیەی خوارەوە بووە:-

یەکەم/ گەشتوگوزار:

بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، پلانی گەشتوگوزار، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە رۆژانی جەژنیش ژمارەی ئەو گەشیارانەی سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە ( 89 هەزار و 301 ) گەشتیار.

دووەم/ قایمقامیەتی ناوەندی:

لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێری کردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، لەلایەن لیژنەکانی سەر بە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە هۆی پابەند نەبوون و ڕەچاونەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوشتنەوەی ئاژەڵ لە دەرەوەی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، ( 15 ) قەساب دەستگیر کراون، ( 27 ) شوێنی جۆراوجۆری خۆراک و گۆشت فرۆشی داخراون، ( 4 ) ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئاژەڵیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-

بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دانرابوون، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێکرا و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

چوارەم/ پۆلیس:-

سەبارەت بە پلانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى هەولێر لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە ڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، ( 42 ) تاوان تۆمارکراوە، ( 41 ) تاوان ئاشکراکراوە، ( 1 ) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

پێنجەم/ هاتووچۆ:-

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، ( 17 ) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا، لە ئەنجامیاندا ( 9 ) کەس بریندار و ( 1 ) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.

شەشەم/ بەرگری شارستانی:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی قوربان لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا ( 16 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جیاجیا ڕوویانداوە، جگە لەزیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.

حەوتەم/ تەندروستى:

سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تەندروستى هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەو ماوەیەشدا کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە ( 6 هەزار 575 ) نەخۆش بووە، ( 305 ) حاڵەت و ڕووداوى جۆراو جۆر چارەسەری بۆکراوە، ( 71 ) منداڵ لەدایک بووە ( 40 کچ ) (31 کوڕ)، ( 81 )نەشتەرگەرى ئەنجامدراوە و ( 383 ) حاڵەتى شوشتنی گورچیلە هەبووە.

هەشتەم/ شارەوانی:

تەواوی بڕگەکانی پلانی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی قوربان، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لە ڕۆژانى جەژن ئاماری چوار ڕۆژی جەژنی قوربان لە سنووری سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی، بەمشێوەیە بووە، داخستنی( 4 ) دووكانی گۆشت فڕۆشتن لە گوندی گردە ڕەشە، بە هەماهەنگی پۆلیسی شارەوانی لە هەڵمەتی بەرگری كردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون و دەست بەسەر داگرتنی ( 22 ) سەر مەڕ و دەست بەسەر داگرتنی (2) پیكاب، ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی ( 2 )زێدەڕۆی، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ژینگە پارێزی، فڕێدانی پاشماوەی ( 1124 تۆن ) ئاژەڵی قوربانی، ( 108 هەزار گەشتیار )سەردانی پارك و باخچەكانی كردوە و ( 30 هەزار ) گەشتیاریش سەردانی پاڕكی سامی عەبدولڕەحمانی كردووە.

نۆیەم/ گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر:-

لە گۆشتگەى هاوچەرخى هەولێر و بەبۆنەى جەژنى قوربان تەنها لە ڕۆژانى جەژن (1 هەزار و 461 ) ئاژەڵ کراوەتە قوربانى، کە ( 270 ) یان ئاژەڵى گەورە و ( 1 هەزار و 191 )شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.

نووسینگەی پارێزگار دەشڵێت: “دەستخۆشی لەسەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەکەمان دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەداین و بەهەموو توانایەکەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی تەندروستی و گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.”

Back to top button