هەفتەی داهاتوو دیاردەیەكی دیكەی گەردوونی روو دەدات

چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو دیاردەیەكی دیكەی گەردوونی روو بدات، ئەویش خۆرگیرانی نیمچەییە و بەشێك لە دانیشتووانی گۆی زەوی بەچاوی خۆیان دیاردەكە دەبینن.

خۆرگیرانە نیمچەییەكە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو رێكەوتی 21/9/2025 روو دەدات، بەشێوەی راستەوخۆ لە وڵاتانی نیوزلەندا و بەشێكی رۆژهەڵاتی ئوستڕالیا و دوورگەكانی دەریای هێمن و ناوچەكانی بەستەڵەكی باشوور دەبینرێت.

بەهۆی ئەم دیاردەیەوە سێبەری مانگ رێژەی 70%ی رووی خۆر دادەپۆشێت، دیاردەكەش لە كاتژمێر 1:29ی دوای نیوەڕۆ بە كاتی ئەمریكا دەست پێ دەكات و كاتژمێر 3:41 دەگاتە لووتكە.

پێشبینی دەكرێت تەنیا 16.6 ملیۆن خەڵك بەشێوەی راستەوخۆ بە چاوەكانیان ئەم خۆرگیرانە ببینن، كە ئەمەش رێژەی 0.2%ی دانیشتووانی گۆی زەوی پێك دەهێنێت.

پزیشك و پسپۆڕان ئامۆژگاری هاووڵاتییانیان كردووە لە كاتی دیاردەكەدا بەشێوەی راسەوخۆ و بەبێ چاویلكەی تایبەت و كەلوپەلی خۆپارێزی سەیری خۆرگیرانەكە نەكەن، چونكە زیان بە چاوەكانیان دەگەیەنێت.

Back to top button