
سەرۆک بارزانی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پیرۆز دەکات
لە پەیامێکدا بەبۆنەی 55ـــەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكات.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەبۆنەی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر راسپاردەی بارزانیی نەمر، هەنگاوێكی مێژوویی بوو بە ئاراستەی بەهێزكردنی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەمان. ئەم بڕیارە جەختكردنەوە بوو لەسەر پێگەی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە بڵاوكردنەوەی تێگەیشتنی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیان لەناو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە گشت قۆناغەكاندا.
لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەخوازم و دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.
مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2025