ئێران باڵیۆزانی خۆی لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بانگ كردەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باڵیۆزانی وڵاتەكەی لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ راوێژ بانگكردوونەتەوە بۆ تاران. چاوەڕان دەكرێت لە سبەی یەكشەممەوە سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا بسەپێندرێنەوە ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیارێكی چین و روسیای بۆ دواخستنی گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێران، رەتكردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەدوای هەنگاوەكەی سێ وڵاتە ئەوروپییەكە بۆ كاراكردنی سناپ باك، باڵیۆزانی وڵاتەكەی لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ راوێژ بانگكردونەتەوە بۆ تاران.

ئەوەش لەدوای ئەوەی دێت كە دوێنێ هەینی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێشنیاری بڕیارێكی چین و رووسیای بۆ دواخستنی سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا رەتكردەوە.

رەشنوسی پێشنیارەكەی چین و رووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە 9 دەنگی نەخێر و 4 دەنگی بەڵێ و 2 دەنگی بێلایەن، رەتكرایەوە.

چین و رووسیا لە پێشنیارەكەدا داوایان كردبو ماوەی مۆڵەتی سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێراندا تاوەكو بەهاری ساڵی داهاتوو درێژبكرێتەوە.

  1. بە رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارە، چاوەڕوان دەكرێت سزا نێودەوڵەتییەكان لە سبەی یەكشەممەوە بەسەر ئێراندا بسەپێندرێنەوە.
Back to top button