
سەرۆكی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی گەنجانی رەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەورووپا کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێکی رەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەورووپا کرد کە لە سەد گەنجی کورد و ژمارەیەک گەنجی بیانی پيکهاتبوو.
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانیان، ئاماژەی بە گرنگی رۆڵی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کرد لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و پشتیوانیکردنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە گەنجانی کورد کرد کە پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندی لەگەڵ کوردستان، هەروەها داواشی لێکردن کە نموونەیەکی باش و جوان و سەرکەتوو بن لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی تیایدا دەژین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە دەرەوە هەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.