مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە نامەیەکی ئاراستەی سوودانی کرد

سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی نامەیەكی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق ناردووە.

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رایگەیاند،” بۆ زامنكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و لەپێناو ئەوەی هیچ مووچەیەك نەفەوتێت، هەمیشە ئامادەییمان دەربڕیوە كە لەنزیكترین كاتدا پشكی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت هەر كاتێك رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ دەستپێبكات، رەوانەی دەکەین، بەڵام تاكو ئێستا حكومەتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ نەداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە ڕێككەوتن لەسەر بڕی ئەو پارەیە كراوە كە وەك داهاتی نانەوتی سێ مانگی هەرێمی كوردستان بۆ خەزێنەی فیدراڵی رەوانە دەكرێت، بەڵام بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی دیاریكردنی پشكی خەزێنەی فیدراڵی لە داهاتە ناوخۆییەكانی كوردستان، گرفتێكی دیكەی بەردەم پرۆسەكەیە.

زیاتر گوتی، بۆچوونی ئەنجومەنی دەوڵەت لەو پرسە، پابەندكارانە نییە، بۆ ئەوەش سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی نامەیەكی بۆ سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ناردووە و داوای كردووە، وەڵامی ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی پرسی داهاتە ناوخۆییەكان نەكرێتە بنەما بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

Back to top button