
مەسرور بارزانی بۆ دەرچووانی زانکۆی دهۆک: دەنگی خۆتان بەوانە بدەن كە لە بەغدا دەبنە پارێزەری مافەكانی خەڵكی كوردستان
بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی خولی 30یەمی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو تێدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: “من زۆر دڵخۆشم لەگەڵ ئێوەدام لەو رۆژە خۆشەدا، پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست، ئەو سەرکەوتنەی ئێوە، بەرپرسیارەتێکی گەورە دەخاتە سەرشانی ئێوە دوای ئەوە دەگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە.”
گوتیشی: “جێی خۆیەتی سوپاسێكی ئێجگار زۆری مامۆستایانی هێژا بكەم، سەرەڕای ئەو زەحمەتییانەی ژیان و ئەو هەموو ئالنگاری و كێشە و گرفت و بەربەستانەی كە لە رووی ژیانەوە بۆیان دروست كرا، دیسان بەردەوام بوون لە پرۆسەی خوێندن و وایان نەكرد كە قوتابی لە خوێندنی خۆیان بێبەش بن، ئێوە جێی شانازیی ئێمەن، جێی ڕێز و پێزانینی ئێمەن، بەردەوام بن لەم خوێندنەی خۆتان و ئێمەش بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی ئێوە و هیوای ئێمە ئەوەیە كە رۆژێك بتوانین قەرەبووی زەحمەتیی ئێوە بكەینەوە.”
ئاماژەشی بەوە دا: “سوپاسی دایكان و باوكانی خۆشەویست دەكەم كە دیسان سەرەڕای ئەو هەموو زەحمەتییەی ژیان، نەیانهێشت قوتابیان بێبەهرە و بێبەش ببن لە خوێندنی خۆیان و هەموو پشتیوانیی خۆیان بۆ كچان و كوڕانی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی پاشەڕۆژی ئەوان مسۆگەر بێت كە بێگومان بە مسۆگەركردنی پاشەڕۆژی ئەو قوتابییە خۆشەویستانە، پاشەڕۆژی كوردستان مسۆگەر دەبێت.”
ئەوەشی خستە روو: “جێی خۆیەتی سوپاسێكی زۆری پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و ئەمنی بكەم كە بەردەوامن لە پاراستنی هەرێمی كوردستان تا ئەم زانكۆیە و زانكۆكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەردەوام بن لە فێركردنی قوتابیانی خۆشەویست و نەوەی نوێ. خەبات و ماندووبوون و زەحمەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان جێی رێز و پێزانینە و لێرەدا دەستخۆشی و سوپاسی ئەوانیش دەكەین.”
گوتیشی: “خوشك و برایانی هێژا، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی كەرتی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا، ئێمە دەستەی متمانەبەخشینمان بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی خوێندن دامەزراندووە كە بێگومان كاریگەرییەكی زۆری لەسەر سەرخستنی ئاستی خوێندن دەبێت. ئێستا چەندین زانكۆی زۆر باش لە كوردستان هەن كە بێگومان زانكۆی دهۆك یەكێكە لە زانكۆ هەرە باشەكانی كوردستان و ئاستی خوێندن ئێستا لە كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو پێش دەچێت و من بەو هیوایەم و لێرەشەوە هەم حكوومەتیش دەبێ پشتیوان بێت، هەم بە زەحمەت و ماندووبوونی مامۆستایان، ئاستی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەگاتە ئاستێكی نێودەوڵەتی و دەبینە نموونە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”
هەروەها سەرۆکی حکومەت گوتیشی: “ئێوە دەچنە نێو ژیانێكی نوێ لە دوای خوێندن، بەرپرسیارێتیی گەورە دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە، ئێمە 20 كۆلێژمان ئێستا لەم زانكۆیە بینی، ئێوە ئەو هەموو ساڵە زەحمەت و ماندوو بوون، ئێستا بەرهەمەكەی هاتە دەست. دوو شتی زۆر گرنگ هەن كە هاوبەشن، لە نێوان هەموو كۆلێژەكان و لە نێوان كۆمەڵگە بە گشتی و هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، داخوازیی من ئەوەیە لە ئێوە هەموان وەك برایەك ئەو داوایەتان لێ دەكەم، ئەم دوو ئامۆژگارییە لە من وەربگرن:
یەك: وا نەكەن كە پەیوەندیی ئێوە لەگەڵ وڵاتەكەتان، كەس بكەوێتە نێوانتان، خۆشەویستیتان بۆ خاكەكەتان، بۆ وڵاتەكەتان، بۆ مێژووتان، بۆ زەحمەت و ماندووبوونی پێشمەرگەكانی ئێوە، لەبیرتان بێت، پێویستە رۆژ بە رۆژ كار لەسەر ئەوە بكرێت كە ئێوە چەند خوێندن بەردەوام بكەن، هێندەش بابەتی پەروەردەكردنی خۆتان و هاووڵاتیانی خۆتان بۆ زیادكردنی خۆشەویستیی وڵاتی خۆتان زیاد بكەن. ئێمە بێ وڵاتی خۆمان هیچ نین، پێویستە هەموو شتێك بكەین بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە و ئەم ئەزموونە پارێزراو بێت، ئەو بەرپرسیاریەتییە ئەمڕۆ زیاتر دەكەوێتە سەر ملی ئێوە.
خاڵی دووەم بابەتی ژینگەپارێزییە، هیوای من ئەوەیە ئێوە هەموو هاوكار بن لەگەڵمان بۆ ئەوەی ژینگەی ئێمە، وڵاتی ئێمە بپارێزرێ و رۆژ بە رۆژ خۆشتر ببێت. ئێمە چەند پرۆژەش دروست بكەین و چەند هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی وڵاتی خۆمان خۆش بكەین، ئەگەر ژینگە نەپارێزرێت، دیسان ئێمە ناتوانین وەك پێویست سوودی لێ وەربگرین. هیوای من ئەوەیە كە ئێوە رێنیشاندەر بن بۆ خەڵكی دیكەش تاوەكوو ئەم ژینگەیە باشتر بپارێزرێت.”
ئەوەشی خستە روو: “خوشك و برایانی هێژا پاش چەند ڕۆژێكی دیكە، هەڵبژاردن لە مانگی داهاتوو دەكرێت، بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی كوردستانیش بەشدارە لەم هەڵبژاردنانەدا و دەبێ ئێوە نوێنەرانی خۆتان هەڵبژێرن تا پارێزگاریی لە مافەكانی ئێوە بكەن. هەقی ئێوەیە كە چاوەڕێی ئەوە بكەن پاش ئەوەی ئێوە لە زانكۆ دەرچوون، دەرفەتی كارتان بۆ ئامادە ببێت و چەندی بتوانن بچنە قۆناغێكی دیكە لە ژیانی خۆتان. وەك حكومەت ئێمە زۆرمان هەوڵدا كە بتوانین وەك هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق، ئەو قوتابییانەی دەرچوون، دابمەزرێن، بەڵام بەداخەوە جوداكاری لەسەر ئاستی حكومەتی فیدرالی هەیە و نەیانهێشتووە ئێمە وەك بەشەكانی دیكەی عێراق، خەڵكی خۆمان دابمەزرێنین، ئەمەش زەرەرێكی زۆری لە قوتابییانی ئێمەش داوە، هەرچەندە بەپێی ژیانی خۆمان و ئەو ڕێكارانەی لەبەردەستن، یەكەمی زانكۆ پزیشكییەكان دامەزرێندراون، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە.”
مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوە دا: “من لەو باوەڕەدام كە دامەزراندن لە كەرتی حكوومەت چارەسەر نییە، پێویستە ئێمە لە پەرلەمانی عێراق بەردەوام بین بۆ دابینكردنی مافی هەموو خەڵكی كوردستان و بە شێوەیەكی یەكسان هەموو خەڵك سوودمەند بێت لە دامەزراندن و نابێت خەڵكی كوردستان بێبەش بكرێن، لەم ساڵانەی رابردوودا چەندین كەسی ئێمە خانەنشین كراون یان بە جۆرێك لە كاردا نەماون، بەڵام دیسان وایاننەكردووە كە ئێمە كەسانی نوێ لە جێی ئەوان دابمەزرێنین. ئێمە رانەوەستاوین كە چاوەڕێی ئەوە بین تەنیا خەڵك لە كەرتی گشتی دابمەزرێن، بەڵكوو حكومەت بەردەوام بووە لە هاریكاریكردن بۆ دروستكردنی دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەت. حكوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی ئێوە و زۆریشم پێ خۆش بوو كە گوێم لە قسەكانی ئاخاوتنی قوتابییەكی خۆشەویست بوو كە گوتی حكوومەت پشتیوانی ئێمە بێت بۆ دروستكردنی هەلی كار یان دەرفەتی كار بۆ كاری پیشەیی بچووك، ئەم بەرنامەیە لە پرۆژەكانی حكومەتدا هەیە و لەم رۆژانەی رابردووش چەندین دەرفەت هەبوون كە من چووم و بەشدار بووم لە هەندێك مەراسیم كە دەرچوانی زانكۆ لە پێش ئێوە زۆر دەرفەتی كاریان بۆ خۆیان و هەڤاڵانیان دروستكردووە، حکومەت پشتیوان دەبێت و ئەوەیشی پێمان بكرێت بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنیان، ئەو كەسەی دەیەوێ داهێنەر بێت یان كۆمپانیا بۆ خۆی دابمەزرێنێت و كار بۆ خۆی و هەڤاڵانی دروست بكات، پشتیوانی حكومەتی لەگەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە پەرەی زیاتر بە كەرتی تایبەت دەدەین تاوەكوو هەموان تەنیا چاویان لە دامەزراندن لە كەرتی گشتی نەبێت. بەڵام دیسان پێویستە ئێمە بەردەوام بین لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدرالی كە ئەو رێگەیە دیسان بكرێتەوە و ئەو قوتابییانەی كە ئێمە پێویستیمان پێیانە لە كەرتی گشتی دابمەزرێندرێن، دیسان بتوانین ئەوانە دابمەزرێنین، بەڵام ئەم شەڕە لە پەرلەمانی داهاتووی عێراق دەكرێت، داوای من لە ئێوە ئەوەیە كە ئەو كەسانە هەڵبژێرن و دەنگی خۆتان بەو كەسانە بدەن كە شەڕ بۆ مافەكانی ئێوە دەكەن، دەنگی خۆتان بەو كەسانە بدەن كە دەچنە بەغدا و دەبنە پارێزەری مافەكانی خەڵكی كوردستان.”
راشی گەیاند: “ئێمە دەتوانین پێكەوە گەلێك دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنین. ئێمە زۆر پرۆژەمان كرد كە كەس باوەڕی نەدەكرد دەبنە ڕاستی، ئێمە كردمان بە ڕاستی، دیسان خوشك و برایانی ئێوە بوون كە خۆیان ماندی كرد و بە شەو و رۆژ ئەو پرۆژانەیان كردە راستی و لێرەشەوە بەردەوام دەبین بۆ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكەین و ئێوەش بەشێك دەبن لەو پرۆژەیەی حكومەت بۆ باشتركردنی باری ژیان لە كوردستان و پێشخستنی هەرێمی كوردستان.”
جەختیشی کردەوە: “جارێكی دیكە دەستخۆشی لە ئێوە هەمووتان دەكەم، پیرۆزبایی لەو سەركەوتنەی ئێوە دەكەم، چاوەڕێین ئێوە ببینین رۆژ بە رۆژ كوردستان بەرەو هەنگاوی پێشتر و سەركەوتنی مەزنتر ببەن، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.”