
دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری قەزای خەبات دەستیپێکرد
پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت و، گەیشتە قەزای خەبات.
ئەمساڵ پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە “سیستمی نوێ” بەڕێوەدەچێت. بەپێی سیستەمەکە ناوی هاووڵاتییان لە بریكارەکان وەردەگیرێت و دەدرێت بە بەنزینخانەکان. هاووڵاتیان دەتوانن ڕاستەوخۆ لە بەنزینخانە نەوتەکەیان وەرگرن.
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، رایگەیاند: ” لە هەردوو ناحیەی رزگاری و کەورگۆسک دەستکرا بە دابەشکردنی نەوتی سپی کە هاونیشتمانیان دەتوانن لە بەنزینخانەکان بەشە نەوتیان وەربگرن. دوای کۆتاییهاتنی دابەشکردنی نەوت لە هەردوو ناحیەکە، بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو لە سەنتەری قەزای خەبات دابەش بکرێت.”
دابەشکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێم نزیکەی دوو هەفتەیە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستیپێکردووە، لە چۆمان و حاجی ئۆمەران و وەرتێ و ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی سەر بە ئیدارەی سۆران، هەر خێزانێک بڕی 200 لیتری پێدراوە. هەفتەی رابردووش لە پارێزگای دهۆک دابەشکرا، ئێستا بەرەو سەنتەری شارەکان نزیک دەبێتەوە.