چەند بڕیارێک لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی مووچە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان، پاکێجێکی 13 بڕیاری نوێی دارایی راگەیاند و، سەرجەم بڕیارەکان کراونەتە نووسراوی فەرمی بە ژمارە 292 و ئاراستەی 26 شوێن کراون، هەر لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە هەتا پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەم بڕیارانە، چەندین گۆڕانکاری گرنگ لە سیاسەتی دارایی کوردستاندا دروست دەکەن.

دەقی بڕیارەکان :

یەکەم: مانگانە پێش هەموو شتێک 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بلۆک دەکرێت بەمەبەستی ناردنی بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق هیچ شتێک نەکاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە.

دووەم: مانگانە 48 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ خەرجی و نەسرییەی وەزارەت و فەرمانگەکان تەرخان دەکرێت، نابێت هیچ دامودەزگایەک داوای زیادکردنی بکات.

سێیەم: هەموو مانگێک بڕی 42 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست تەرخان دەکرێت کە لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون.

ئەم سێ خەرجییە کە دەکاتە 210 ملیار دینار، خەرجی جێگیر و هێڵی سوورن، بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکارییان تێدا ناکرێت و لە هیچ دۆخێکدا نابێت رابگیرێن.

چوارەم: راگرتنی سەرجەم خەرجییەکان جگە لە خەرجییە بنەڕەتییەکان نەبێت وەک: دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، چاککردنەوەی رێگاوبان، پاککردنەوەی شار، خواردنی نەخۆشخانە و بەندیخانەکان، دابینکردنی کلۆر و پێداویستییەکانی ئاوی خواردنەوە، خزمەتگوزارییە گشتییە بنەڕەتییەکانی دیکە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری زیاد دەکرێن.

پێنجەم: راگرتنی پڕۆژەی نوێ بەشێوەیەکی گشتی لەسەر هەر بودجەیەک بێت، بودجەی وەبەرهێنان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بودجەی ئاسایی. هەروەها راگرتنی ئەو پڕۆژانەی تەرخانی داراییان بۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا دەستیان پێ نەکراوە.

شەشەم: پڕۆژە بەردەوامەکان لەڕووی گرنگی و بایەخەوە پۆلێن دەکرێن، ئەگەر پارە مایەوە لە داهاتی ناوخۆ بەپێی گرنگی پڕۆژەکان بەشێک لە سولفەیان خەرج دەکرێت.

حەوتەم: حکومەت لەمەودوا رەسم و باج و گومرگ و قەرزی کۆمپانیاکان بە کاش وەردەگرێت، چەک و مەقاسە نامێنێت، جگە لەو بابەتانەی پابەندی داراییان هەیە بە چەک کارەکانیان رایی دەکرێت لە نێوان خودی فەرمانگەکانی حکومەت.

هەشتەم: لێخۆشبوونی گومرگی و باج و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەری بانکی (خطاب ضمان) رادەگیرێت.

نۆیەم: خەرجکردنی رێژەی داهاتی وەزارەتەکان، واتا ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە مانگانە بڕێک پارە بۆ خۆیان دەبێت، لەمەودوا دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بێت.

دەیەم: راگرتنی دامەزراندن بە هەموو شێوازەکان بە هەمیشەیی و گرێبەست بەردەوام دەبێت تا سەری ساڵ.

یازدە: دەبێت وەزارەتەکان کار بۆ رێکخستنەوە و زیادکردن و هەمەچەشنکردنی داهاتیان بکەن، لەگەڵ ئاسانکاریکردن بۆ رێکار و شێوازی وەرگرتن و کۆکردنەوەی داهاتەکان.

دوانزە و سیانزە: هەموو دەسەڵاتێک بە وەزیری دارایی دراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە، بڕیارەکانیش تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 31ـی 12 جێبەجێ دەکرێن.

Back to top button