
بەشەخۆراكی تازە دابەش دەكرێ و هەزاران كەس لێی بێبەش دەبن
بڕیارە بەشەخۆراکی حەوتەمی و بەشە ئاردی نۆیەمی ئەمساڵ دابەش بكرێت و هەزاران كەسیش بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی بەشەخۆراکیان بڕاوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، رایگەیاند: ” بۆ دابەشكردنی بەشەخۆراکی حەوتەمی ئەمساڵ ئامادەکاری دەستی پێكردووە و لەم هەفتەیەدا دابەش دەكرێت و، بەشەئاردی نۆیەمی ئەمساڵیش خەریكی ئامادەكارین .”
گوتیشی: “بەشەخۆراكی حەوتەم پێكهاتووە لە برنج سێ كیلۆ، شەكر كیلۆیەك، زەیت لیترێك، 400 گرام دۆشاوی تەماتە و كیلۆیەك لە پاقڵەمەنییەكان.”
باسی لەوەشکرد” 700 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان كە بەهۆی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنیی خۆراك، بەشەئارد و بەشەخۆراكیان بڕاوە، بۆ بەشەخۆراكی تازەش پێیان نادرێت، چونكە هێشتا پڕۆسەی خۆتۆماركردنی نوێ نەكراوەتەوە.”