
ئەشواق جاف : لە سنووری سلێمانی پێشوازی خەڵک لە کاندیدانی پارتی رۆژ بەدوای رۆژ زیاتر و فراوانتر دەبێت.
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، رایدەگەیەنێت :” لەم سنوورە پێشوازی خەڵک لە کاندیدانی پارتی، رۆژ بەدوای رۆژ زیاتر و فراوانتر دەبێت.
د.ئەشواق جاف، بەربژێری ژمارە (١)ی لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە بازنەی سلێمانی، بەدەزگای میدیایی خواکوڕکی راگەیاند ،” لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان راپەڕین داوا لە خەڵک دەکەین دەنگ بدەنە لیستی ٢٧٥ ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنێو خەڵکیش پڕۆژەکانی پارتی و خزمەتکردنی پارتی بۆ خەڵکی کوردستان دەخەینەڕوو، ئەوانیش پڕۆژە و خزمەتەکانی پارتی دەبینن، چاوەڕێی متمانەیان دەکەین بۆ ئەمجارە پارتی تاقی بکەنەوە.
گوتیشی:” تەئکیدیش دەکەین لەسەر وتەی جەنابی سەرۆک و داواکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو، یەک حکومەت، یەک پەرلەمان، یەک هێزی پێشمەرگە، رێگە نادرێت بە هیچ ئەجێندایەکی نایاسایی کە ڕێگر بێت بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، خۆشیان دەزانن کە ئەم داواکارییە بۆ خزمەتکردنی ئەوانە.
زیاتر گوتی :” لەم سنوورە پێشوازی خەڵک رۆژ بەدوای رۆژ بۆ کاندیدانی پارتی زیاتر و فراوانتر دەبێت.
دەشڵێ:” لەم سنوورە وایان بڵاوکردۆتەوە کە حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت فەرق و جیاوازی دەکات لە نێوان شارەکان، بەڵام ئێمە بۆیان روون دەکەینەوە کە ئەوە هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئەوە پڕوپاگەندەی کۆکردنەوەی دەنگە، بە بەڵگەشەوە قسە دەکەین کە ئەو پڕۆژانەی چەندەها ساڵ وەستابوو سەرەڕای دابین کردنی بودجە چەندجارێک لەم سنوورە، بە هەوڵ و هیمەتی سەرۆکی حکومەت و کابینەی نۆ تەواویان کرد .
باسی لەوەشکرد:” پارتی سەلماندوویەتی کە بێ جیاوازی خزمەتی کوردستان دەکات کە پڕۆژە پێشکەش دەکات لەبەرژەوەندی تەواوی کوردستانە هەروەها کە بەرگری دەکات لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و، شەڕی مافە دەستوورییەکان دەکات، واتا بەرگری کردنە لە تەواوی کوردستان بۆیە چاوەڕێی متمانەی تەواوی خەڵکی کوردستان و ئەو سنوورە دەکەین و دەنگ بدەنە لیستی ٢٧٥ ی پارتی .
لە کۆتایشدا گوتی:” ئێمە بە پڕۆژە و خزمەت کردن داوای دەنگ لە خەڵک دەکەین، نەک بە شەڕی دەروونی، خەڵکیش هۆشیارە دەزانێت کێ خزمەت دەکات و، کێ بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات .