جەعفەر ئیمنكی:پێشوازی و پشتیوانی ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا دەكەین

خواكوڕك

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئیدلب، سەبارەت بە هێرشی مووشەکی ئەمەریکایش بۆسەر رژێمی سووریا رایدەگەیەنێت: ئێمە لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە هەموو كەسێك تەفەهومی مەینەت و نەهامەت و دەرئەنجامەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و تاوانەكانی كۆمەڵكوژی دەكەین.

دەقی پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:-

وەك وڵامدانەوەی تاوانی بۆردومانكردنی شارۆچكەی خان شەیخوون بە گازیی كیمیایی لە لایەن هێزەكانی سووریاوە، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٠٠ كەس و برینداربوونی نزیكەی٥٠٠ كەسی دیكە، ئەمڕۆ هێزەكانی ئەمةریكا هێرشێكی مووشەكی بۆ لەكارخستنی بنكەی شەعیرات لە پارێزگای حومسی سووریا ئەنجامدا.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە هەموو كەسێك تەفەهومی مەینەت و نەهامەت و دەرئەنجامەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و تاوانەكانی كۆمەڵكوژی دەكەین، چونكە هاوشێوەی ئەم تاوانە و تاوانی گەورەتریش، وەكو تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، دەرهەق بە گەلەكەمان ئەنجامدروان، بۆیە تاوانی كیمیابارانكردنی خەڵكی سڤیل لە شارۆچكەی خان شەیخوون شەرمەزاردەكەین، لە هەمان كاتدا پێشوازی و پشتیوانی ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا دەكەین و بە نامەیەكی بەهێز و كاردانەوەیەكی ئەرێنیی گرنگ و وڵامدانەوەیەكی پێویست دەزانین بە ئاراستەی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی كیمیاوی و ئەو جۆرە تاوانانە كە دەرهەق بە خەڵكی سڤیل ئەنجامدەدرێن. داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین لە ئاست تاوانەكانی كیمیابارانكردن بێدەنگ نەبێت و ئەنجامدەرانی سزابدرێن وپرۆسەی ئاشتی لە سووریا خێراتربكرێتەوە، بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لەم وڵاتەدا.

Back to top button