حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر سوریا بڵاوكرده‌وه‌

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وێرای دڵگرانی و سه‌ره‌خۆشی، هیوادارین ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بۆ ڕێگرتن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كرده‌وه نامرۆڤانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ نراوه، ببێته هۆكارێك تا تاوانی له‌و جۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه”.

دەقی پەیامی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان:-
گه‌لی كوردستان نه‌هامه‌تییه‌كی زۆری به‌ده‌ست ڕژێمی به‌عسی ڕووخاوه‌وه‌ بینیوه‌ و یه‌كێك له‌ نه‌هامه‌تییه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانیش، كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو كه‌ له‌ چه‌ند چركه‌یه‌كدا پێنج هه‌زار كه‌سی كرده‌ قوربانی.  گه‌ر ئه‌و كات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگییان هه‌ڵنه‌بژاردبا و هه‌نگاوی پێویستیان بگرتبایەتە به‌ر، ده‌كرا ببوایه‌ هۆكارێك تا ئه‌م جۆره‌ تاوانه نامرۆڤانانه‌ دووباره‌ نه‌بنەوه‌.

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان له‌ سووریا چه‌كی كیمیایی له دژی خه‌ڵكی سڤیلی شاری ئیدلب به‌كار هێنرا، ئه‌م تاوانه هه‌موو ئه‌و برینانه‌ی به‌بیر ئێمه هێنایه‌وه كه‌ له‌ كۆتاییی هه‌شتاكانی ڕابردوو بەرانبەر به‌ گه‌لی كوردستان ئه‌نجام درا. بە توندی ئـەو تاوانە ئـیدانە دەکەین و هاوخه‌می و هاوسۆزیی خۆمان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و كرده‌وه نامرۆڤانه‌یه ده‌رده‌بڕین.

پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕێگریكردن له دووباره‌‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانە،  هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیددی بكات و هیوادارین ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بۆ ڕێگرتن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره كرده‌وه نامرۆڤانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ نراوه، ببێته هۆكارێك تا تاوانی له‌و جۆره‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه و له‌ هه‌مان كاتیشدا به جیددی هه‌وڵ بدرێت ڕێگه‌چاره‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و ئاڵۆزی و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرتۆته‌وه‌، بدۆزرێته‌وه‌.

ئـەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
٧/٣/٢۰١٧

Back to top button