مەسرور بارزانی فەرمانی نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی مەسیحییەکان و سزادانی تێکدەران دەدات

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی توندی بەرانبەر شێواندنی گۆڕی مەسیحییەکان، بڕیاری دا دەستبەجێ گۆڕستانەکە نۆژەن بکرێتەوە .

نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڵوێستێکی فەرمیدا ئەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەر گۆڕستانی مەسیحییەکان لە شاری کۆیە، بە کارێکی تێکدەرانە و شەرمەزارکەر وەسف کرد.

بەپێی راگەیاندراوەکەی، سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕاسپێردراون کە دەبێت بەپەلە لێکۆڵینەوە دەست پێ بکەن و رێگە نەدەن تاوانباران لە یاسا دەربچن، بەڵکو دەبێت بدۆزرێنەوە و سزای توندی خۆیان وەربگرن.

هاوکات وەک پەیامێکی دڵنیایی بۆ خوشک و برا مەسیحییەکان و بۆ ڕەسڕینەوەی شوێنەواری ئەو کارە نەخوازراوە، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، بڕیار دراوە تەواوی گۆڕستانەکە نۆژەن بکرێتەوە.

ئەوەش خراوەتەروو:” مەسیحییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەن و جیانەکراوەی خاک و مێژووی کوردستانن و حکوومەت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادات دەست بۆ ئەو نموونە گەشەی پێکەوەژیان و تەباییە بەرێت کە هەرێمی کوردستانی پێ ناسراوەتەوە.

Back to top button