
حەج و عومرە دەنگۆیەک رەت دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە گڕگرتنی پاسێکی گواستنەوەی عومرەکاران لە شەقڵاوە دەکەن و، جەخت لە سەلامەتیی تەواوی سەرنشینەکان دەکاتەوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، گوتی: ئەو هەواڵانەی لە بەشێک لە پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە گوایە پاسێکی عومرەکاران لە شەقڵاوە ئاگری تێبەربووە، “دوورن لە ڕاستییەوە و بێ بنەمان، هیچ کارەساتێکی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە.”
گوتیشی:” پاسەکە تەنیا تووشی کێشەیەکی میکانیکی بووە و بەهۆیەوە لەکار کەوتووە، بەهۆی کێشەکەوە دووکەڵ چووەتە نێو پاسەکە، بەڵام ئەمە دەرەنجامی ئاگرکەوتنەوە یان سوتان نەبووە.
هەروەها ئاشکرای کرد، بە پێی رێکارەکان پاسێکی جێگرەوە دابین کراوە و پرۆسەی گواستنەوەی عومرەکارەکانی ئەنجام داوە.
لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە سەرجەم عومرەکارەکان تەندروستییان باشە و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون تۆمار نەکراوە.