
ساڵی 2025 وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی؛ 4.5 ملیۆن هاووڵاتی لە تاریکی رزگاریان بوو
ساڵی 2025 وەک ساڵێکی زێڕین لە کەرتی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی پڕۆژەی “ڕووناكی” توانی کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنێتە نزیكەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە 70%ی کۆی گشتی دانیشتووانی هەرێم.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی پڕۆژەی ڕووناكی، ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە کاتێکدایە کە ئێستا 80%ی هاووڵاتییانی هەرێم پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، کە ئەمەش بڕبڕەی پشتی سەرکەوتنی پرۆسەی دابینکردنی کارەبای بەردەوامە.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی جوگرافیای پڕۆژەکە، راگەیەندراوە کە ئامادەکارییەکان بۆ گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەنتەری هەردوو شاری سۆران و زاخۆ دەستیان پێ کردووە و لە قۆناغی جێبەجێکردن دان. ئەمە جگە لەوەی لە ئیدارەی ڕاپەڕین، پڕۆژەکە پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە و تا ئێستا 135 هەزار هاووڵاتی لەو دەڤەرە بوونەتە سوودمەندی سەرەکی کارەبای بەردەوام.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی “رووناكی”دا، ئامانجی کۆتاییهێنانە بە کێشەی چەندین ساڵەی کارەبا و رێکخستنەوەی کەرتی وزەیە لەڕێگەی تەکنەلۆژیای پێوەری زیرەک، کە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان لە هەبوونی کارەبایەکی جێگیر و بێبڕان بۆ هەموو ماڵێک.