
جووتیارانی کوردستان دەبنە خاوەنی هەژماری من
جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەچنە نێو پڕۆژەی “هەژماری من”ـەوە و زیاتر لە 19,000 جووتیار شایستە داراییەکانیان لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە وەردەگرن.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، ئەکاونتی پڕۆژەی “هەژماری من” بۆ سەرجەم جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێتەوە.
گوتیشی:” پڕۆژەکە سەرجەم ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە کە زەوییان لەبەردەستدایە و کرداری چاندن ئەنجام دەدەن، هاوکات لە پلانی بەبازاڕکردندا بەشدار دەبن.
زیاتر گوتی، ساڵانە زیاتر لە 19,000 جووتیار خۆیان بۆ ڕادەستکردنی گەنم ناونووس کردووە؛ بەهۆی ڕێژەی دابارینیشەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ژمارەکە بەرزتر ببێتەوە.
باسی لەوەشکرد:” پڕۆسەکە بۆ جووتیارانی هەولێر چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ پلان هەیە هەژمارەکە بۆ جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.