
دیمەشق و هەسەدە ڕێککەوتن
حکومەتی سووریا و هەسەدە گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە نەخشەی سیاسی و سەربازیی ڕۆژهەڵاتی فورات دادەڕێژێتەوە. ڕێککەوتنەکە خۆی لە ئاگربەستی دەستبەجێ، تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا، ڕادەستکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان خۆی دەبینێتەوە.
وردەکاریی 12 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنەکەیە :
یەکەم: دۆسیەی سەربازی و ئەمنی
ئاگربەستی گشتگیر: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە.
تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی “هەسەدە” بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی “تاکەکەسی” و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان.
دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
دەرکردنی پە.کە.کە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی (P . K .K) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.
شەڕی دا.عش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی دا.عش.
دووەم: دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی
ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ.
دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا.
دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە.
دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی “هەسەدە” بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن.
سێیەم: دۆسیەی ئابووری و مرۆیی
سەرچاوەکانی وزە: ڕادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکوومەتی سووریا.
زیندانیانی دا.عش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی دا.عش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریاوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان: کارکردن لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێکارەکان بۆ زەمینەخۆشکردن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود.
