محەمەد شوکری: ڕێژەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمدا گەشەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە

وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمدا گەشەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە؛ قەبارەکەی گەیشتووەتە 50%ی کۆی وەبەرهێنانی هەموو کابینەکانی پێشوو، هەروەها ڕێژەی مۆڵەتدان 400%زیادی کردووە.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە “ماڵی کوردستان” لە داڤۆس ڕایگەیاند: “سێ ساڵە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریداوە کە شاندی وەبەرهێنەران هاوەڵی شاندی حکومەت بکەن لە هەموو کۆڕبەندە جیهانییەکاندا؛ ئەمە نیشانەی تێڕوانینی جەنابیانە بۆ کردنەوەی دەرگایەکی زۆر فراوان بەڕووی جیهاندا و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی بەشداری کاریگەریان لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەبێت”.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی یەکجار خێرای بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ڕێژەی مۆڵەتدان بەراورد بە ساڵانی پێشوو 400% زیادی کردووە. تەنها لە ساڵی 2025دا، 210 مۆڵەتی نوێی وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا دراون.

ئامارەکان دەریدەخەن کە قەبارەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمدا، یەکسانە بە 50%ـی تەواوی ئەو وەبەرهێنانەی کە لە هەشت کابینەی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی چاکسازی لە ڕێکارە کارگێڕییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و متمانەپێکراو بۆ خاوەنکاران و وەبەرهێنەران.

Back to top button